سبەی پەکەکە هەنگاوێکی نوێ بۆ پرۆسەی چارەسەری دەنێت
بڕیارە سبەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا هەنگاوێکی نوێی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رابگەیێنێت.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا راگەیێندراوێکی فەرمی دەخوێندرێتەوە و تێیدا ئاماژە بە هەنگاوی نوێی پەکەکە بۆ پرۆسەی چارەسەری دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەنگاوەکە لەلایەن ژمارەیەک گەریلاوە دەبێت بۆ پرۆسەی ئاشتی."
لەبارەی نێوەڕۆکی پەیامی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەوە، سەرچاوەکە گوتی، "پێدەچێت گواستنەوەی گرووپێک گەریلابێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە."
11ی تەممووز، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان سووتاند.
لە رێوڕەسمەکەدا 30 گەریلا کە لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و سێ بەرپرسی باڵای دیکە هەبوون، چەکەکانیان سووتاند.