ئەمڕۆ شەممە 25-10-2025 سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "دابەشکردنی نەوت دەستپێکردووە. بەشەنەوتی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین نێردراوە و دابەشکردن لە بەشێکیان دەستیپێکردووە."
بەشە نەوتی پارێزگای هەڵەبجە لە سلێمانییەوە دەنێردرێ. بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان دەڵێت، "لە تەوێڵە و بیارە لە دەڤەری هەورامان، هەروەها لە بەشێکی هەڵەبجە دابەشكردنی نەوت دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ شەممەش بەردەوام دەبێت."
قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی یەکێکی دیکە لەو ناوچە شاخاوییانەی پارێزگای سلێمانییە نەوتی پێگەیشتووە. هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزاکە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردنمان بەردەوامە و زۆرینەی خەڵکی شارەکەمان نەوتی وەرگرتووە."
هێمن ئیبراهیم گوتی، "دابەشکردن لە ناحیەی گەرمکیش دەستپێدەکات و لە پێنجوێن و ناڵپارێزیش هەرکەس وەری نەگرتبێت نەوتی پێدەدرێت."
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ لە بەشێکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین نەوت دابەش دەکرێت.
لە 13-10-2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، "دابەشکردنی نەوت بۆ زستانی ئەم ساڵ بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دەبێ و ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی ( هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زاخۆ ) دەستپێدەکات."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناوچە شاخاوییەکان قۆناخی یەکەمە و دواتر لە تەواوی شارەکانیش بە هەمان بڕ و نرخ دابەش دەکرێ و دەدرێتە هەموو ماڵێک."
هەروەها کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ذابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوورەکەمان بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ هەشت هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە و پرۆسەکەش فراوانتر دەکەین."
لە سەنتەری شارەکان بەرمیلێک نەوت بە 104 هەزار دینار و بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدرێت هاونیشتمانیان، لە گوندەکانیش بە 105 هەزار دینار.
"نەوتی بازرگانی بەرمیلی 180 هەزار دینارە"
سەرباز کەریم، گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نەوتی ماڵان بە کۆ بەرمیلی بە نزیکەی 165 هەزار دینار دەفرۆشرێت."
نەوتی بازرگانیی ماڵان بە کرێی گواستنەوە و قازانجی فرۆشیارەکانەوە، بەرمیلی بە نزیکەی 180 هەزار دەگاتە هاونیشتمانییان.
بۆ وەرگرتنی نەوت، هەرێمی کوردستان دابەشی سەر سێ زۆن کراوە: ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان، ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان و سەنتەری شارەکانیش 625 هەزار خێزانن.
ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد.
سەرچاوە:رووداو