ئەمڕۆ پێنجشەممە قایمقامییەتی سلێمانی لە راگەیێندراویکدا رایگەیاند: "به سهرپهرشتیی فازڵ عومهر، قایمقامی سلێمانی به وهكالهت، ئهو پاڵاوگانه بهسهركرانهوه كه بهشێوهیهكی نایاسایی كاردهكهن".
لە هەڵمەتەکەدا قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت بڕیاری داخستنی شەش پاڵاوگەی دەرکردووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بڕیاردراوە هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن و خاوهنهكانیان رووبهڕووی رێكاری یاسایی بكرێنەوە و بەپێی یاسای پاراستنی ژینگهی ههرێمی كوردستان مامهڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
پاڵاوگەکان لە سنووری ناوچەی زڕگوێز لە سلێمانی داخراون. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بهتۆمهتی پیسكردنی ژینگه 12 تۆمهتبار دهستگیركراون".
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیار هەیە بۆ داخستنی هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان، لەو چوارچێوەیەدا لە 139 پاڵاوگەی سنووری هەولێر 85یان داخراون".
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژەی بەو پاڵاوگانەی هەولێر کرد کە لە کاردان و گوتی: "ئەگەر خۆیان لەگەڵ یاساکانی ژینگە و سامانە سرووشتییەکان نەگونجێنن، دەبێت لایەنی جێبەجێکار هەموویان دابخات".
لە بارەی دهۆکیشەوە د. سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: "13 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون و بە بڕیاری حکومەت داخران، بەڵام بەگوێرەی زانیاری ئێمە ژمارەیەکیان دەستیان بە کار کردووەتەوە و گازوایلێک بەرهەم دەهێنن کە زیانی زۆری بۆ ژینگە هەیە".
بەگوێرەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سنووری هەڵەبجەدا نییە.