ئەمڕۆ سێ وەزارەت مووچە وەردەگرن کە ناویان لە لیستی مووچەدا نییە

ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری بانکێک لە سلێمانی دەڵێت، پارە گەیشتووە و دابەشکردن بەردەوامە. فەرمانبەرانی سێ وەزارەتیش ئەمڕۆ مووچە وەردەگرن، کە ناویان لە خشتەی دابەشکردنی مووچەی ئەمڕۆدا نییە.

ئازاری 13, 2025 - 11:37
ئەمڕۆ سێ وەزارەت مووچە وەردەگرن کە ناویان لە لیستی مووچەدا نییە

بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، مووچەی مانگی دووی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاباران دابەش دەکرێت. بەڵام ئەمڕۆ بەرپرسێک لە تیمی (هەژماری من) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مووچەخۆرانی تۆمارکراو لە هەژماری من لە وەزارەتەکانی تەندروستی، خوێندنی باڵا و پەروەردە، دوای گەیشتنی نامەی ئاگادارکردنەوە بۆیان، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن".

 بە گوێرەی لیستی دابەشکردنی مووچە کە دوێنێ وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، کارمەندانی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە رۆژی 17ی ئادار و کارمەندانی وەزارەتی خوێندنی باڵا رۆژی 18ی ئادار نۆرەی وەرگرتنی مووچەیانە. لە بەشێکی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی قەرەباڵخییەوە ئاستەنگ بۆ دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی دروستبووە.

 لەوبارەیەوە شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمە دوورە لە راستییەوە، ئەمڕۆ خۆم بەسەر هەموو نووسینگەکانی دابەشكردنی مووچەدا گەڕاوم بەبێ کێشە دابەشکردنەکە بەڕێوە دەچێت". بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی گوتی: "شەوی رابردوو پارە لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانی و وەرمانگرت، ئەمڕۆ دابەشکردن دەستپێکردووە و پارەی پێویستیش بەردەستە و پرۆسەکە بە هێمنی بەڕێوەدەچێت".

بە گوێرەی راگەیێندراوی 12ـی ئاداری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 18ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، 5ی مانگی دوو دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی هات.

سەرچاوە: ڕووداو