کشتوکاڵی دهۆک: هاتنی گەشتیاران بۆ فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین بەراورد بە پار سێ هێندە زیادی کردووە

لە دوو رۆژی رابردوودا هەژدەیەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بەڕێوەچوو. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە دەڵێت، ئەم ساڵ 32 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد، 55 جۆر ترێ نمایش کران و 30 تۆنیش فرۆشرا.

ايلول 17, 2025 - 10:37
کشتوکاڵی دهۆک: هاتنی گەشتیاران بۆ فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین بەراورد بە پار سێ هێندە زیادی کردووە
رۆژی چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025 ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەم ساڵ فێستیڤاڵەکە جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو بۆ دوو رۆژ بەردەوام بوو؛ بەرهەم زیاتر فرۆشرا و گەشتیار و سەردانیکاریش زیاتر هاتن، لە پلانماندایە ساڵی داهاتوو گەورەتر و درێژتری بکەینەوە.''
 
پار 10 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوینی دهۆکیان کردبوو. کشتوکاڵی پارێزگەکە دەڵێت، ''ئەم ساڵ هاتنی گەشتیاران 3 هێندە زیادیکرد و لە دوو رۆژدا 32 هەزار کەس سەردانیان کردین.''
 
لە فێستیڤاڵی ترێ و هەنگویندا بەرهەمەکانی پارێزگای دهۆک نمایش کران. ئەحمەد جەمیل گوتی، ''30 تۆن ترێ، 2 تۆن و 100 کیلۆ هەنگوین، 1 تۆن و 700 کیلۆگرام میوەی وشککراو و 345 کیلۆ سماق لە فێستیڤاڵەکەدا فرۆشران.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، ''105 جۆر ترێمان هەیە و 55 جۆریان لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکران.''
 
ساڵی رابردوو 300 تۆن هەنگوین لە پارێزگای دهۆک بەرهەم هاتبوو، بەڵام ئەم ساڵ هەنگوین بۆ 127 تۆن کەمبووەتەوە و 60 هەزار تۆن ترێش بەرهەمهاتووە.
 
رۆژانی 15 و 16ی ئەیلوولی 2025، هەژدەیەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین بە بەشداریی نزیکەی 50 باخەوان لە دهۆک بەڕێوەچوو.
سەرچاوە: ڕووداو