دەستەی ژینگە: هیچ تیشکدانەوەیەکی ئەتۆم لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە
دوای بۆردوومانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، گوتەبێژی دەستەی ژینگە رایگەیاند، هیچ تیشکدانەوەیەک لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەی جەنگییەوە بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی لە ئێران کردە ئامانج. د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا لە ئامێری پشکنین و تۆمارکردنی پیسبوونی ژینگە بە تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان، هیچ تیشکدانەوەیەک تۆمار نەکراوە".
لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، رانیە و زاخۆ ئامێری پشکنینی پیسبوونی هەوا لە تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان دانراون. لەبارەی هێرشەکەیانەوە بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "زۆر سەرکەوتوو بووە".
دوای هێرشەکەی ئەمرۆ، دەزگای سەلامەتیی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، نیگەران مەبن و لە دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بژین و تیشکدانەوە تۆمار نەکراوە.
ئامێرەکانی پشکنینی تیشکدانەوەی ئەتۆم لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرکراون، لە یەک کاتدا و پێکەوە پشکنین بۆ هەوا دەکەن و لە هەبوونی تیشکی ئەتۆمیدا فەرمانگەکان ئاگادار دەکەنەوە.
زیانی تیشكدانەوەی ئەتۆم بەگوێرەی نزیکیی ناوچەکان کاریگەریی هەیە. کاریگەرییەکانی کوشندەن بۆ تەندروستیی مرۆڤ، ژینگە، خۆراک، خاک و ئاو.
سەرچاوە: ڕووداو