سەرۆکی کافکاسام: پەکەکە سەرەتای مانگی تەممووز چەک دادەنێت

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی قەوقاز (کافکاسام) رایگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سەرەتای مانگی تەممووزی ئەم ساڵدا چەک دادەنێت و بەمزووانە خشتەی کاتیی پرۆسەکە ئاشکرا دەکرێت.

حوزەیری 22, 2025 - 15:35
سەرۆکی کافکاسام: پەکەکە سەرەتای مانگی تەممووز چەک دادەنێت

حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی کافکاسام سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بە رووداوی رایگەیاند، "لە میدیا زانیاری جیاواز بڵاودەکرێتەوە. هاوکات زانیاری لەپشت دەرگا داخراوەکاندا باس لەوە دەکرێت، لە کۆتایی ئەم مانگەدا پرۆسەی چەکدانان کارا دەبێت. رەنگە سەرەتای مانگی تەممووز بێت، بە وردی نازانم، بەڵام لیژنەکان پێکدەهێندرێن، چەک دادەنرێت و هەنگاوی پێویست بۆ ئەم مەبەستە دەنرێن. هەموومان پێکەوە جێبەجێکردنی بەڵێنە دوولایەنەکان دەبینین."

 ئۆکتای ئاماژەی بەوە کرد، لیژنە بۆ پرۆسەی چەکدانان پێکدەهێندرێن "هەڵوێستی روون و ئاشکرای تورکیا لەمبارەیەوە زیاتر دەردەکەوێت."

 سەرۆکی کافکاسام دەڵێت هەرچەندە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەردەوامن، بەڵام هۆشداری لە تێکدانی پرۆسەکە دا و گوتی، "نیگەرانییەک هەیە لەوەی ئیسرائیل هەڵوێستێک لەم پرسەدا وەربگرێت و پرۆسەی چەکدانانی نێوان پەکەکە و دەوڵەت تێکبدات و لە رێگەی رێکخراوەکەوە 'پەکەکە' هەڕەشە بۆ سەر تورکیا دروست بکات، بەڵام لە کۆتاییدا تورکیا نیازپاکی و سووربوونی خۆی لەم پرسەدا دەرخستووە و لیژنەکان بۆ چەکدانان پێکدەهێندرێن و چەکەکان دادەنرێن."

ئۆکتای روونیکردەوە، پرۆسەی چەکدانان لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر بنەمایەکی تەندروستتر و گشتگیرتر بەردەوام دەبێت. چونکە گفتوگۆکان بەردەوامن و هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام لە رووی تەکنیکییەوە کار لەسەر ئەوە دەکرێت ناوەندەکانی کۆکردنەوەی چەک لە کوێ دەبن و کام رێکخراو چەند چەکی هەیە؟ ئاماری ئەم چەکانە وەردەگیرێت.

دواتر پرۆسەکە بەپێی ئەو خشتە کاتییەی رادەگەیێندرێت، بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە وردەکاریی پرۆسەکە، حەسەن ئۆکتای گوتی: "هەردوولا لە رێگەی ئەو لیژنانەی پێکهێندراون، بەبێدەنگی و بەبێ ئەوەی زانیاریی بۆ رای گشتیی بڵاوبکردێتەوە، چاودێریی پرۆسەکە دەکەن و گفتوگۆکانیان بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە رەنگە بێنە پێشیان."

سەرۆکی کافکاسام پێیوایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دروستیکردووە، کاردەکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست و بێ پچڕان بەڕێوەبچێت. بۆیە دەڵێت "رەنگە ئەم پرۆسەیە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە یان هەفتەی یەکەمی مانگی تەممووز درێژە بکێشێت. دانانی چەکەکان و جێبەجێکردنی بەڵێنە دوولایەنەکان بە شێوەیەکی روونتر دەبینین."

 لە 1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.

 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.

سەرچاوە: ڕووداو