پزیشکیان: ئەمریکا بەهۆی بێتوانایی ئیسرائیلەوە ناچار بوو بێتە گۆڕەپان

سەرۆککۆماری ئێران بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ئەمریکا دوای ئەوەی "بێتوانایی ئاشکرای رژێمی زایۆنی"ـی بینی، ناچار بوو خۆی بێتە گۆڕەپانەکە. دەشڵێت، کاتی ئەوە هاتووە ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و توانای گەل بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە بەکاربهێنرێت.

حوزەیری 22, 2025 - 15:32
پزیشکیان: ئەمریکا بەهۆی بێتوانایی ئیسرائیلەوە ناچار بوو بێتە گۆڕەپان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی هێرشەکەی ئەم بەرەبەیانییەی ئەمریکاوە بۆ سێ لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی گوتی: "ئەم دەستدرێژییە نیشانی دا کە ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی کردەوە دووژمنکارانەکانی رژێمی زایۆنییە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران."

پزیشکیان گوتیشی: "هەرچەندە سەرەتا هەوڵیان دا رۆڵی خۆیان بشارنەوە، بەڵام دوای وەڵامی یەکلاکەرەوە و رێگریکارانەی هێزە چەکدارەکانمانان و بێتوانایی ئاشکرای رژێمی زایۆنییان بینی، ناچار بوون خۆیان بێنە گۆڕەپانەوە."

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو زیان و کوژرانەی فەرماندە و زانا و خەڵکی ئێران کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کەوتووەتەوە، "ئێستا کاتی ئەوەیە ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و توانای مەزنی گەل بەکاربهێنرێت." گوتیشی: "گەلی ئێران چەندینجار نیشانی داوە کە بۆ پاراستنی ئاو و خاکی ئەم نیشتمانە، لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەن."

لە دەیەم رۆژی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/06/22 ئەمریکا هاتە ناو جەنگەکە، کاژێر دەوروبەری 02:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران و وێرانیان کردوون.

سەرچاوە: ڕووداو