دادوەر جاسم هەورامی: دەستم لەکارنەکێشاوەتەوە و هیوا بۆ چارەسەربوونی کێشەی مووچە هەیە
دادوەر جاسم هەورامی، ئەندامی یەدەگی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایدەگەیێنێت، دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە و رۆژی پێنجشەممە لە دانیشتنی دادگە ئامادە بووە. دەشڵێت، ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەی دادوەران نەبووایە، پرسی مووچە چارەسەر دەبوو.

ئەو دادوەرە کوردە، کە ئەندامی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانیشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025 ئاگادارکراوەتەوە لە دادگەی فیدراڵی ئامادەبێت، بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانیش، بە رێگەی وشکانیدا چووەتە بەغدا تاوەکو بەشێک بێت لە دەرکردنی ئەو فەرمانسالارییەی لە دادگەوە بۆ پرسی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەردەچێت.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکان، بڕیاردانی دادگە بۆ دەرکردنی فەرمانسالارییەک لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راوەستا.
پێنج شەممەی رابردوو، 9 ئەندامی دادگەی باڵای فیدراڵی، کە 6ـیان ئەندامی سەرەکی و سێیان یەدەگ بوون، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێش کرد.
هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکە
دەستلەکارکێشانەوەی 9 دادوەرەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، کارەکانی ئەو دادگەیەی پەکخستووە، کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق. هۆکاری کێشەکە بۆ دوو بابەتی سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان ناکۆکییە لەسەر رێککەوتنێکی عێراق و کوێت لەبارەی رێکخستنی کەناڵی ئاویی خۆر عەبدوڵڵا و دووەمیشیان، هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێکی دادگەکەیە لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەوە.
دادوەر جاسم هەورامی دەڵێت، تائێستا هیچ لایەنێک گوشاری لە دادوەرەکان نەکردووە بۆ ئەوەی بیروڕا لەسەر بڕیارێک بدەن کە پێچەوانەی بڕوای خۆیان بێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر ئەو رۆژە دادوەرەکان دانیشتنەکەیان بکردایە، کێشەی مووچەخۆران چارەسەر دەبوو و فەرمانسالارییەکە دەردەکرا.
ئەو دادوەرانەی دەستیان لەکار نەکێشاوەتەوە:
دادوەر جاسم عەبوود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی
حەیدەر جابر، ئەندامی دادگەی فیدراڵی
دادوەر سدقی، ئەندامی دادگە
دادوەر جاسم جەزا هەورامی
ئەو دادوەرانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە دەتوانن دەوام نەکەن؟
بەپێی یاسا، ئەو دادوەرانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە پێویستە دەستلەکارکێشانەوەکەیان راستەوخۆ بدەنە سەرۆکی دادگەی فیدراڵی، بەڵام نۆ دادوەرە دەستلەکارکێشاوەکە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ناردووە.
بەپێی رێکاری دادگە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرانە دەنێرێتەوە بۆ دادگەی فیدراڵی، ئەگەر سەرۆکی دادگە قبووڵیان بکات، ئەوا نووسراو دەکات بۆ سەرۆککۆماری عێراق تاوەکو قبووڵی بکات و شوێنگرەوەیان بۆ دیاری بکات. ئەگەر سەرۆکی دادگەی فیدراڵیش دەستلەکارکێشانەوەکان قبووڵ نەکات، پێویستە دادوەرەکان بگەڕێنەوە سەر دەوامی فەرمیی خۆیان.
لە ئەگەری نەگەڕانەوەیان بۆ سەر کار، دادوەرەکان بە دەرکراو هەژمار دەکرێن و مافی خانەنشینییان نامێنێت.
دادوەر جاسم هەورامی دەڵێت، لەبەر ئەو هۆکارە، هیوایەک هەیە بەم نزیکانە دادوەرەکان بگەڕێنەوە دادگە و بڕیار لەسەر پرسی مووچە بدەن.
سەرچاوە: ڕووداو