بە گوێرەی راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کە لەلایەن ئاژانسی دەوڵەتی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، شاندی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی رۆژی دووشەممە چووەتە دوورگەی ئیمراڵی.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا یەکێتیی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی برایەتی و بەرەوپێشبردنی ئەرێنیی پرۆسەکە لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهاتوون."
پەرلەمانی تورکیا هەروەها رایگەیاندووە، کۆمیسیۆنەکە رۆژی 5-8-2025 یەکەمین کۆبوونەوەی سازکردووە و لەو رۆژەوە 18 جار لەگەڵ چین و تویژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کۆبووەتەوە و گوێی لێ گرتوون.
سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەروەها دەڵێ: "دوایین جار رۆژی 21-11-2025 لە 18مین کۆبوونەوەیدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیار لەسەر گوێگرتن لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گرتووخانەی ئیمراڵی درا. بە گوێرەی ئەو بڕیارە، رۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2025 شاندەکە سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی کرد. لەو چوارچێوەیەدا، دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە 27ی شوبات، لە پاڵ لێدوانەکان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و چەکدانان، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار لە سووریا ئاراستە کراون، لێدوانی ورد و تێروتەسەل وەرگیراوە".
بە گوێرەی پلانی کۆمیسیۆنەکە، هەریەک لە حوسێن یایمان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی و فەتی یڵدز، پەرلەمانتاری مەهەپە، ئەندامانی شاندەکەن بۆ چوونە ئیمراڵی.
ئەمە لەکاتێکدایە حوسێن یایمان رایگەیاندووە کە ئەو ئەمڕۆ نەچووەتە ئیمراڵی، ناشزانێ کێیان لە شوێنی ئەو ناردووە.
پێشتریش سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، حوسێن یایمان نوێنەرایەتیی پارتەکەی دەکات لە نێو شاندەکەی ئیمراڵی.
سەرچاوە:رووداو