دوای بەرزبوونەوەیەکی کاتی نرخی دۆلار، ئێوارەی ئەمڕۆ دۆلار دابەزیوە و گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر دەڵێت، 100 دۆلار بۆ خوار 142 هەزار دابەزیوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق، کە رۆژی دووشەممە، 24-11-2025، بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئاڵنگارییە ئابوورییەکان، توانیویانە پێشکەوتنی بەرچاو لە ئامانجە ستراتیژییەکانیان دا بەدەستبهێنن، کە بریتییە لە پاراستنی سەقامگیریی ئاستی گشتیی نرخەکان. ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەهۆی سیاسەتە نەختینەییەکانیانەوە، رێژەی هەڵاوسان بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی لەسەر ئاستی ناوچەکە دابەزیوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە گوێرەی یاسای بانکی ناوەندیی ژمارە 56ی ساڵی 2004، ئەرکی سەرەکیی بانک داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی نەختینەیی و دیاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕە، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە هیچ نیازێک بۆ دەستکاریکردن یان گۆڕینی نرخی دیناری عێراقی نییە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی نرخەکان".
بانکی ناوەندیی عێراق، دڵنیایی دا، کە بەهۆی بوونی یەدەگێکی نموونەیی لە دراوی بیانی و زێڕ، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕ. هەروەها رایگەیاندووە، بەردەوامن لە دابینکردنی دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە (یوانی چینی، لیرەی تورکی، روپیەی هیندی و درهەمی ئیماراتی) بۆ بانکەکان.
هاوکات، بانکەکە ئەوەشی خستەڕوو کە کارەکانی یەکلاکردنەوەی کارتی بانکی و حەواڵە کەسییەکان لە رێگەی مۆنی گرام و وێستێرن یونینەوە، هەروەها فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران، بەردەوامە و هیچ گوشارێک لەسەر یەدەگی بیانی نییە.
بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، بانکی ناوەندیی عێراق وەڵامی دەنگۆکانی دایەوە، کە باس لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەکەن و رایگەیاند: "هەر لێدوان و بۆچوونێکی دەرەکی سەبارەت بە گۆڕینی نرخی دینار، بە هیچ شێوەیەک بۆچوونی بانکی ناوەندی نین و تەنیا بۆ شێواندنی بازاڕ، دروستکردنی پشێوی و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی نیشتمانی بڵاودەکرێنەوە".
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقییەوە، ئەمڕۆ بازاڕ جۆرێک لە شڵەژانی بەخۆوەبینی، لە عێراق و هەرێمی کوردستان نرخی 100 دۆلار نزیکەی دوو هەزار دینار بەرزبووەوە.
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر، کاژێر 5ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 24-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی چەند کەسانێک پڕوپاگەندەی ئەوەیان کرد، کە دۆلار گران دەبێ بەهۆیەوە ئەمڕۆ 100 دۆلار گەیشتە 143 هەزار و 500 دینار، بەڵام ئێستا 100 دۆلار بە 142 هەزار دینارە و بگرە بۆ خوار 142 هەزار دیناریش دابەزیوە.