سەرکردەیەکی رێکخراوی بەدر: قاسم ئەعرەجی بەربژێرمانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران

سەرکردەیەکی رێکخراوی بەدر دەڵێ، دابەشکردنی پۆستەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە و "سەرۆککۆمار پشکی کورد دەبێ؛"ئاشکرایشی دەکات کە قاسم ئەعرەجی بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

تشرینی یەکەمی 22, 2025 - 11:40
سەرکردەیەکی رێکخراوی بەدر: قاسم ئەعرەجی بەربژێرمانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران
سەرکردەیەکی رێکخراوی بەدر دەڵێ، دابەشکردنی پۆستەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە و "سەرۆککۆمار پشکی کورد دەبێ؛"ئاشکرایشی دەکات کە قاسم ئەعرەجی بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
محەممەد مەهدی بەیاتی، ئەندامی سەرکردایەتیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، رۆژی شەممە، 22-11-2025، هەڵوێستی رێکخراوەکەی لەبارەی پۆستە سەرەکییەکان و پێکهێنانی حکومەت روونکردەوە.
 
لەبارەی دەنگۆی داواکردنی پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن لایەنە سوننەکانەوە، محەممەد مەهدی بەیاتی گوتی، نەخشەی سیاسی وەک خۆی دەمێنێتەوە و گوتی، "ئێمە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پابەندین بەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ برایانی کورد بێت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ برایانی سوننە."
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە بارێکدا نەبێت کە سەرکردەکانی کورد و سوننە لەنێوان خۆیاندا پۆستەکان ئاڵوگۆڕ بکەن کە دۆخەکەش رێگە بەوە نادات، بۆیە "پێویستە ماڵی کورد لەسەر کەسێکی بەئەزموون و گونجاو بۆ سەرۆککۆمار رێکبکەون."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێکردنی دەستوور، بەیاتی  لەکاتی بەشداریکردنی لە (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی، "پێویستە خواستێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ جێبەجێکردنی دەستوور هەبێت؛ ناکرێت بڵێم من دەستوور جێبەجێ دەکەم و بەرامبەرەکەم جێبەجێی ناکات."
 
بەیاتی  باسی پۆستی سەرۆکوەزیرانی کرد و گوتی، زۆربەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بەربژێری خۆیان هەیە و گوتی، "بەربژێری رێکخراوی بەدر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، قاسم ئەعرەجییە."
 
لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری وەرگرتنەوەی پۆستەکە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە، ئەو سەرکردەیەی بەدر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بڕیارێکی لەو شێوەیەی نەداوە و سوودانی تەنیا "یەکێکە لە بەربژێرەکان."
 
لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا بۆ کابینەکەی ئێستا، بەیاتی گوتی، "بە رای من، سوودانی 50% لە کارەکانی سەرکەوتوو بووە، لە هەندێک دۆسیە سەرکەوتوو نەبووە و دەستی بۆ هەندێک دۆسیەش هەر نەبردووە."