سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا، عێراق گازی ئێرانی هاوردە دەکات؛ "گازی ئێران نەبێت، کارەبا دەبڕێت"
هەڕەشە و گوشارەکانی ئەمریکا نەیتوانیوە هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران بۆ عێراق بوەستێنێت. بەرپرسانی بەغدا دەڵێن، ئەم راگرتنە بە واتای رۆچوونە نێو تاریکیی عێراق دێت و لەسەر هێڵین تاوەکو لەجیاتی دۆلار، خۆراک و کاڵا بدەینە لایەنی ئێرانی.

نەبیل مەرسومی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری دەڵێت، "سزاکانی ئەمریکا بۆ قەدەخەکردنی هەناردەکردنی گاز و کارەبای ئێرانی، مەبەست لێی قەدەخەکردنی حەواڵەکردنی پارەی فرۆشتنی گازی ئێرانە بە دۆلاری ئەمریکی، بەڵام ئەمە بەردەوامە، چونکە بڕینی (گاز) دەبێتە هۆی پچڕانی کارەبا، پێشنیاری عێراقییەکان بۆ ئەمریکا ئەوەیە، پارەی گاز و کارەبای ئێران لە رێگەی هەناردەکردنی خۆراکەوە بدرێت، بەڵام تائێستا ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر نەداوە."
ناتوانایی عێراق لە رادەستکردنی راستەوخۆی پارەی گازی هاوردەکراو، نیگەرانیی تارانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق دەڵێن، هۆکاری کەمکردنی هەناردەکردنی رۆژانە 10 ملیۆن مەتر سێجا گاز تەکنیکییە، نەک سیاسی. ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "تائێستا گازی ئێرانی بەردەوامە، بڕەکەی هەندێک کەمترە و هۆکارەکەی کاری چاککردنەوەیە وەکو لایەنی ئێرانی دەڵێت. دەبوو بڕی 30 ملیۆن مەتر سێجا بهاتبوایە، ئێستا 20 ملیۆن مەتر سێجا دێت، کەوایە کەمترە.
بەگوێرەی لایەنی ئێرانی، کاری چاککردنەوەیان هەیە." هەرچەند ژمارەیەکی فەرمی لەبەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی عێراق، بەهۆی هاوردەکردنی گاز و کارەبا لە ئێرانەوە، لەنێوان 9 بۆ 11 ملیار دۆلار بە ئێران قەرزدارە.
حکومەتی عێراق نایشارێتەوە کە تاوەکو ساڵی 2028 پێویستی بە کڕینی گازی ئێرانی دەبێت بۆ دابینکردن و بەرهەمهێنانی کارەبا، کۆتاییهاتنی وادەکەی ئەمریکا-ش لە کاتێکدایە کە عێراق دەچێتە ناو وەرزەکانی گەرما و لەم وەرزانەشدا لانیکەم پێویستی بە دووهێندە کارەبا دەبێت.
سەرچاوە: ڕووداو