وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو جووتیارە کوردەی دایە دادگە لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەی رایانکێشا

بە تۆمەتی سووکایەتی بە سوپای عێراق، وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو جووتیارە کوردەی کەرکووکی داوەتە دادگە کە لەسەر زەوییەکەی خۆی رایانکێشا و ئەشکەنجەیان دا.

ئارەی 5, 2025 - 13:36
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو جووتیارە کوردەی دایە دادگە لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەی رایانکێشا

17ـی شوباتی 2025، جووتیارێک بە ناوی محەمەممەد ئەمین، لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، لەسەر تراکتۆرەکەی و بە ملپێچەکەی خۆی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە راکێشرا، بەڵام نەیتوانی جووتیارەکە بهێنێتە خوارەوە.

 بەشدار حەسەن، پارێزەری جووتیارە کوردەکە، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزارەتی بەرگریی عێراق بە فەرمی سکاڵای دژی محەممەد ئەمین تۆمار کردووە، گوایە بەردیان گرتووەتە سەربازان و سووکایەتییان بە سوپا کردووە". پارێزەری جووتیارە کوردەکە تۆمەتەکانی رەتکردەوە و گوتی: "ئەوەی دەگوترێت هیچ بنەمایەکی راستی و یاسایی نییە".

ئێستا جووتیارەکە بە گوێرەی مادەی 229 لە یاسای سزادانی عێراق لە دادگەی لێکۆڵینەوەی دوبز و بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان وتەی لێ وەرگیراوە. بەشدار حەسەن لە دوبزەوە بە رووداوی گوت: "ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادوەرین، بزانین ئازادی دەکات یان دەستبەسەر".

پێشتریش ئەو سەربازەی بە ملپێچەکەی جووتیارە کوردەکەی راکێشا دژی جووتیارەکە سکاڵای تۆمار کردبوو. بەشدار حەسەن گوتی: "ئەم سکاڵایەی وەزارەتی بەرگری جیایە لە سکاڵای سەربازەکە". دوای رووداوەکەش محەممەد ئەمین دژی سەربازەکە سکاڵای تۆمارکرد، دوای چەند رۆژێک دەستگیرکردن سەربازەکە ئازاد کرا.

سەرچاوە: ڕووداو