شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەبارەی رەشنووسەکە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات.
شاندەکە پێکهاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون. چوونی ئەو شاندە لەکاتێکدایە، بەغدا رەشنووسێکی بۆ رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەکردووە و چاوەڕوانی وەڵامی هەولێرە.
بڕیارە ئەمڕۆ هەولێر وەڵامی بەغدا بداتەوە. دوێنێ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەشنووسی رێککەوتن لەبارەی رادەستکردن و هەناردەی نەوت لە قۆناخی کۆتاییدایە و گۆڕانکارییەکی سەرەکی کە تێیدا کراوە ئەوەیە، تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەست دەکرێت لە بەرامبەر ئەوەی بەغدا پێویستیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، خەمڵاندنی سەرەتایی ئەوەیە، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 50 بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ پاڵاوگەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی لێ بەرهەم بهێنرێت. یاسای بودجەی عێراق، مەرجی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دیاریکردووە بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی مانگانەی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام ئێستا بە بەغدا راگەیێندراوە کە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمى کوردستان دەگاتە 280 هەزار بەرمیل.
ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکە، لیژنەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دوو مەبەست؛ یەکەمیان، دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، دووەم، دیاریکردنی ئاستی پێویستیی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بەرهەمە نەوتییەکانى وەک نەوتی سپی، بەنزین و گازوایل، بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت حکومەتی فیدراڵ دابینی بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ، 7ـی تەممووز، وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێتە بەغدا و پێیان دەگوترێت هەرێمی کوردستان رازییە بەو شێوازەی دانراوە بۆ رادەستکردنی نەوت یان نا.
سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، قۆناخێکی دیکەی رێککەوتنەکە، پرس و راوێژکردنە بە هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان لەبارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، ئەو ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ، تاوەکو دواتر بڕیار لەسەر ناردنی پێشینەیەکی پارەی مووچە بدرێت، کە ئەگەری هەیە بکەوێتە رۆژی سێشەممە یان رۆژانی دواتر، ئەگەر رێککەوتنەکە هیچ کێشەیەکی دیکەی بۆ دروست نەبێت.
لە 25ـی ئاداری 2023وە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. هەمواری یاسای بودجە لە 17ـی شوباتەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.
بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە، کۆمپانیایەکی راوێژکاری، خەمڵاندن بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. تاوەکو کۆمپانیاکە کارەکانی تەواو دەکات، بەغدا بەشێوەیەکی کاتی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک تێچوو دەداتە کۆمپانیاکانی نەوت.
بەرپرسێکی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: رۆژی 2ی تەممووز، بە فەرمی بۆچوون و پێشنیازی کۆمپانیاکان دراوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش رادەستی بەغدایان کردووە، کە سێ داواکاری بووە.
داواکارییەکان بریتین لە؛ یەکەم ئەو 16 دۆلارەى تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت کە دەدرێتە کۆمپانیاکان بۆ ماوەی 90 رۆژ بێت و دوای ئەو ماوەیە کۆمپانیا راوێژکارییەکە کارەکانی تەواو بێت. دووەم: دەستکاریی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانیان نەکرێت و بڕی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای رێژە بێت کە لە گرێبەستەکانیاندا هاتووە، نەک پارەیەکى دیاریکراو. سێیەم: لەبارەی زیاتر لە 900 ملیۆن قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکان، یەکێک لە دوو لایەنی هەولێر و بەغدا بەرپرسیارێتیی دانەوەی بگرێتە ئەستۆ.
سەرچاوە: ڕووداو