بۆ دانیشتن پەرلەمان چاوەڕوانی رێککەوتنی حیزبەکانە
بۆ دانیشتنی داهاتوو، پەرلەمانی کوردستان چاوەڕێی رێککەوتنی فراکسیۆنەکانە. بەرپرسی راگەیاندنەکەی دەڵێ: "مادام سوێندی یاسایی خوراوە، دانیشتنیش دوابکەوێت کێشەی یاسایی دروست ناکات."

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، پەرلەمان یەک دانیشتنی کردووە بۆ سوێندخواردنی ئەندامە دەرچووەکان و تاوەکو ئێستا دانیشتنی دیکەی نەکردووە.
رۆژی دووشەممە، سامان ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "بۆ ئەوەی پەرلەمان دابنیشێت، پێویستە فراکسیۆنەکان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کابینەی داهاتووی حکومەت رێکبکەون." سامان ئەحمەد گوتی: "پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە و چاوەڕێی دەرەنجامی کۆبوونەوەکانە."
لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەندامە دەرچووەکان سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی بوونە پەرلەمانتار، بەڵام تاوەکو ئێستا دانیشتنە تەواو نەکراوە، چونکە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە.
بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "دانیشتنی داهاتوو تەواوکەری دانیشتنی یەکەم دەبێت و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵدەبژێرێت، لە دانیشتنی دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت و ئەویش کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت و پەرلەمانیش دەنگ بە کابینەکەی دەدات."
سەرچاوە: ڕووداو