سۆسیالیست: بچینە پەرلەمانی عێراق بە کوردی قسە دەکەین

گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، 22 بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە و لە ئەگەری سەرکەوتنیان، لەوێ تەنیا بە کوردی قسە دەکەن.

تشرینی یەکە 2, 2025 - 11:15
سۆسیالیست: بچینە پەرلەمانی عێراق بە کوردی قسە دەکەین
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاتێک دەڵێین عێراقی نین بە کردەوەش دەیسەلمێنین، ئێمە کە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتین بۆ پەرلەمان نە خۆم و نە بەربژێرەکانی دیکەمان هیچمان ئامادەنین بە عەرەبی قسە بکەین".
 
گوتەبێژی سۆسیال دیموکرات گوتی: "دەبێت لە پەرلەمانی عێراق وەرگێڕی راستەخۆ بۆ زمانی کوردی دابنرێت، دەستوور ئەو مافەی بە کورد داوە، بەڵام بەداخەوە لە رابردوودا پەرلەمانتارانی کوردستان ئەو مافەیان بەکارنەهێناوە".
 
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکات و یەک کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، لە حکومەتیش وەزیرێکیان هەیە.
 
فەرهاد تۆفیق کە هاوکات سەرۆکایەتیی لیستی حیزبەکەی دەکات لە بازنەی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "مادەی چواری دەستووری عێراق روونی کردووەتەوە، زمانی کوردی هاوتای زمانی عەرەبییە نەوەکو یەکەم و دووەم، بۆیە کورد مافی خۆیەتی داوا بکات تابلۆکانی رێنمایی هاتووچۆ لە بەسرە کوردییان لەسەربێت".
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە 11ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت و سبەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکە دەستپێدەکات.
 
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 22 بەربژێری لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک، دهۆک و دیالە هەیە.