مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە رێوڕەسمێکدا لە ساڵیادی دامەزراندنی هێزەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ''لە سووریادا سوپایەکی نوێ پێکدەهێندرێت و دەبێت ئێمەش لە پێکهێنانی سوپاکەدا شوێنی خۆمان بگرین.''
بە گوتەی مەزڵووم عەبدی، لە رۆژانی داهاتوودا و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداردا، ''شاندێکمان سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا، پڕۆسەی تێکەڵبوونی هەسەدە و سوپای سووریا دەستپێدەکەین.''
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، ''ئەزموونی شەڕ دژی داعش و خەباتی هاوبەشمان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان دژی تیرۆر، لە داهاتووشدا رۆڵێکی گرنگی دەبێت و سوپای سووریا بەهێز دەکات.''
10ی ئاداری 2025 ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دا لەخۆدەگرێ.
وەک مەزڵووم عەبدی دەڵێت، لە سووریای نوێدا و دوای تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای وڵاتەکە، هێزی دژەتیرۆری هەسەدە (YAT) رۆڵێکی گرنگ لە پاراستندا دەگێڕێ و ''نەوەک تەنیا لە رۆژهەڵات و باکووری سووریا، بەڵکو لە سەرانسەری وڵاتەکە دژی تیرۆر خەبات دەکات.''
دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب کە لەنێوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی حکومەتی سووریا روویدا و کوژرانی سەربازێکی حکومەت و برینداربوونی نزیکەی 50 کەسی لێکەوتەوە، هێشتا هەسەدە و دیمەشق پێداگرن لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ـی ئادار.
رۆژێک دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان و 07-10-2025، شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر کۆبووەوە و دواتر ئاگربەستیان راگەیاند.
سەرچاوە: ڕووداو