"کورد نەبوو، بەڵام لەپێناویدا زیندانی کرا"

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە چوارچێوەی پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، پانێلی (دۆزی کورد و دیدگەی بێشکچی) بەڕێوەچوو. لە پانێلەکەدا، کە لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی سازکرا، پێنج کتێبی ئیسماعیل بێشکچی بە زمانی کوردی، کە بەرهەمی وەقفی بێشکچی و لە چاپکراوەکانی رووداون، ناسێندران و دابەشکران.

تشرینی یەکە 10, 2025 - 16:25
"کورد نەبوو، بەڵام لەپێناویدا زیندانی کرا"
پانێلیستەکان تیشکیان خستە سەر ژیان و خەباتی سەرسەختانەی پرۆفیسۆر ئیسماعیل بێشکچی لەپێناو دۆزی کورددا، هەروەها ئاماژەیان بە زیندانیکردنی ناوبراو لەلایەن تورکیاوە کرد.
 
کاوە موعین فەر، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێک لە پانێلیستەکان، باسی لە بڕیارە 98 ساڵییەکەی زیندانیکردن بۆ بێشکچی کرد و روونی کردەوە کە ناوبراو 17 ساڵ لە زیندان ماوەتەوە. موعین فەر گوتی: "بێشکچی کوردێکە کە بەهۆی کوردایەتییەوە زیندانی کراوە."
 
موعین فەر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بێشکچی وادەکات مرۆڤ رۆشنبیری راستەقینە بناسێت، چونکە ئەو بە ژیانی خۆی نیشانیداین کە رۆشنبیری بە تێپەڕبوونی کات دروست دەبێت و پێداگری لەسەر بۆچوون و هەڵوێستەکانی دەکرد و هەرگیز پاشەکشەی لێ نەکرد.
 
هەروەها فاتن کانات، دەرهێنەری باکووری کوردستان، تیشکی خستە سەر ژیانی بێشکچی و داکۆکیکردنی سەرسەختانەی لە دۆزی کورد.
 
لە کۆتایی پانێلەکەدا، جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلم و فیلمێکی درێژی بایۆگرافی لەبارەی ژیان و خەباتی بێشکچی.
 
ئاشنا رەئووف، گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد بۆ سپۆنسەریکردنی فێستیڤاڵەکە و پێشکەشکردنی پێنج لە کتێبە چاپکراوەکانی ئیسماعیل بێشکچی بە زمانی کوردی، کە تایبەت کرابوون بەو پانێلەوە.
 
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە دروشمی "کولتووری کوردی و زمانی دایک" لە رۆژانی 9 تاوەکو 16ـی تشرینی یەکەمی 2025 بەڕێوەدەچێت. بە گوتەی رێکخەرانی، ئەم ساڵ فێستیڤاڵەکە گەورەتر و بەرفراوانترە و 150 فیلم لە 30 وڵاتی جیاوازەوە پێشان دەدرێن، جگە لە پێشاندانی 31 بەڵگەفیلمی رووداو.