بۆچی بەهای دینار بەرز دەبێتەوە و نرخی شتومەک دانابەزێت؟

لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای دینار، نرخی شتومەک گران دەبێت، بەڵام لەکاتی بەرزبوونەوەی بەهای دیناردا هەمان شتومەک نرخی لە بەرزیدا دەمێنێتەوە. جێگری سەرۆکی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت، "دۆلار جێگیر نەبێت نرخ دانابەزێت."

ئازاری 3, 2025 - 12:00
بۆچی بەهای دینار بەرز دەبێتەوە و نرخی شتومەک دانابەزێت؟

ماوەی دوو رۆژە بەهای دینار بەرزبووەتەوە، 100 دۆلار لەنێوان 147 بۆ 148 هەزار دیناردا مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەوەش بەراورد بە چەند مانگی رابردوو بەرزترین بەهای دینارە تۆمار کرابێت.

لەبارەی نزمبوونەوەی بەهای شتومەک لە بازاڕ، شێخ عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی گشتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 03-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆلار دابەزیوە، بەڵام جارێ بازاڕ ناجێگیرە؛ بۆیە نرخی شتومەک دانەبەزیوە."

لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەکاتی دابەزینی بەهای دیناردا، راستەوخۆ نرخی شتومەک بەرز دەبێتەوە. شێخ عەتا دەڵێت، "کاتێک دۆلار بەرز دەبێتەوە، بازرگانەکان دەترسن و راستەوخۆ نرخ بەرز دەکەنەوە، چونکە نایانەوێت هەرزان بیفرۆشن و دواتر بە گرانتر هاوردەی بکەنەوە، ئەوەش هۆکاری ناجێگیریی بازاڕە."

هەمان ئەو شتومەکانەی نرخیان بەرز دەبێتەوە، لە بەرزبوونەوەی بەهای دیناردا نرخیان دانابەزێت، ئەو بەرپرسەی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت، "بازرگان هەیە شتومەکی کڕیوە بە دوو مانگ ناگاتەوە کوردستان، بۆیە لە چەند رۆژێکدا دۆلار دابەزیوە، ئەو ناتوانێت نرخ دابەزێنێت، کە بازاڕیش ناجێگیرە، بازرگان متمانەی نییە و نرخی شتومەک هەرزان ناکات."

هەندێک شتومەک لە بازاڕەکاندان لەو کاتەی 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 165 هەزار دینار، نرخیان بەرزبووەتەوە و ئێستاش دانەبەزیون. شێخ عەتا محەممەد دەڵێت، "ئەگەر بازاڕی دراو زیاتر لە مانگێک جێگیر بوو و بەهای دینار بەرز بوو؛ ئەوکاتە نرخ دادەبەزێت، داشنەبەزێت ئێمە هۆشداری لە بەرزبوونەوەی نرخەکە دەدەینە بازرگانان."

جێگری سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری بەرزیی بەهای دیناردا بۆ ماوەی مانگێک زیاتر، ئەگەر بازرگانێکیش نرخی شتومەک هەرزان نەکات، بازرگانی دیکە شتومەکی نوێ دەهێنێت بە نرخی کەمتر و ئەویش ناچار دەبێت نرخ دابەزێنێت.

 بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی و بۆ هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار دەداتە بازرگانان بۆ جێگیرکردنی بازاڕ، بەڵام وەکو شێخ عەتا محەممەد دەڵێت، "هەموو بازرگانەکان سوود لە بانکی ناوەندی نابینن."

شێخ عەتا باسی لەوەش کرد، "بانکی ناوەندی دەبێت پارەی بۆ دابنرێت دوای نزیکەی 20 رۆژ دۆلارت پێدەدات، بەشێکی بازرگانانیش لە دەرەوە شتومەکیان کڕیوە، هێندە چاوەڕوانی بانکی ناوەندی ناکەن و لە بازاڕەکاندا دۆلار دەکڕن، بۆیە بۆ دابەزینی نرخ، بانکی ناوەندی سوود بە بەشێکی بازرگانەکان ناگەیێنێت."

سەرچاوە: ڕووداو