سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئۆردن دەکات

تشرینی یەکەمی 16, 2025 - 16:35
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئۆردن دەکات

ڕۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز (زياد البطارسة) کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئۆردن کرد کە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی تازەی شانشینی ئۆردن سڵاو و ڕێزی تایبەتی شا عەبدوڵڵا شای ئۆردنی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و ئەوەشی دووپاتکردەوە کە فەرمان و ئامۆژگارییەکانی شای ئۆردن هەمیشە ئەوە بووە کە پەیوندی و دۆستایەتی نێوان شانشینی ئۆردن و هەرێمی کوردستان پتەوتر و فراوانتر ببێت. کۆنسوڵی گشتیی شانشینی ئۆردن پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەرکەوتنی پارتی و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی وەک بەڵگەیەکی ڕوون وسفکرد لەسەر پێگەی پارتی لەناو خەڵکی کوردستان و ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانیەی لەسایەی پارتیدا هاتۆتە ئارا.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی شا عەبدوڵڵا و گەلی شانشینی ئۆردنی کرد کە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پشتیوانی گەلی کوردستان بوونە و شا عەبدوڵڵای وەک برا و دۆستێکی ئازیز لە قەڵەم دا. هەروەها جەختی لە قووڵترکردنی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئۆردن کردەوە.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردن و بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.