ئەمڕۆ شەممە 11-10-2025 دکتۆر رێباز باڵەک، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان لە سۆران، راگەیاند: "لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا، نزیکەی هەزار هاونیشتمانیی سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە بۆ پشکنینی شێرپەنجەی مەمک."
دکتۆر رێباز باڵەک ئاماژەی بەوەشدا، کرانەوەی بەشی مامۆگرافی لە سۆران "بارگرانییەکی زۆری لەسەر هاونیشتمانییان کەم کردووەتەوە"، چونکە پێشتر ناچار بوون بۆ پشکنین بچنە شارەکانی دیکە. بەڕێوەبەرەکە جەختی لەوە کردەوە کە خانمانی سۆران "بایەخێکی باش بە پشکنینی پێشوەختەی مەمک دەدەن."
بەشی پشکنینی شێرپەنجەی مەمک لە نەخۆشخانەی سۆران پشکنین بۆ هەموو چارەخوازان دەکات. تێچووی پشکنینەکە تەنیا پێنج هەزار دینارە. د. رێباز باڵەک، گوتیشی: "کاتی زۆری پێویست نییە بۆ ئەوەی پشکنینی بۆ ئەنجامبدەین، نزیکەی پێنج رۆژ بۆ هەفتەیەک پشکنینەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت."
هەروەها، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سۆران ئەوەشی خستەڕوو، لە داهاتوودا ئامێرێکی مامۆگرافی بۆ پشکنینی شێرپەنجەی مەمک لە سنووری بارزان دابین دەکرێت، ئەمەش خزمەتگوزارییەکە فراوانتر دەکات.
سەرچاوە:ڕووداو