بۆچی نیچیرڤان بارزانی دەچێتە قەندیل و ئەنقەرە ؟!

محمد خۆشناو
پیاوی دەوڵەت لەپێناوی وڵاتەکەی کاردەکات ،
پیاوی سیاسیش دەیەوێت وڵاتەکەی لەپێناوی
ئەودا کاربکات .
ڕینیە کۆتی
سەرۆک کۆماری چوارەمی فەڕەنسا
هەموو ئەو کەسانەی وەڵامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە پانێڵی ساڵانەی دیداری « میری » 10/8/ 2025 لەسەر کێشە و پرسە جۆراوجۆرەکان کوردستان و وڵاتان بینیبێت و گوێلێبوو ، بۆی دەردەکەوێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسایەتیەکی فرەلایەنە « متعدد الجوانب » کە بەلێهاتوویی قسەی لەسەر بابەتە جیاواز و جۆراوجۆرەکان بەشێوازێکی قانیعکەر دەکرد و بەجۆرێک وا لە نەیار دەکات کە بۆخۆی ڕایکێشێت ، ئەو پیاوە هزرمەندێکی دەستبژێر نیە ، بە پلەی یەکەم پشت بە توانا کەسیەکەی و داهێنانە خودیەکەی دەبەستێت و بەشێکی زۆری کردەوە خۆبەخۆکانی لە ناسنامەی تەقلیدی کوردستانی وەرگرتووە و ، وەک کەسێکی بەهرەمەند لە گۆڕەپانی سیاسەت دەجولێتەوە هەروەک جوولانەوەی ئەکتەرێکی بەتوانا لەسەر شاشەی هونەری ، ئەو پیاوە توانایەکی لە ڕادەبەدەری هەیە بۆ ئیقناعکردنی بەرانبەرەکەی و تێگەیشتن لە کەسەکان و زانینی شێوازی بیرکردنەوەی ئەوانی دیکە و ڕاکێشانی نەیارەکان ، بۆیە چەندین جار ئاستەنگی ترسناک هاتۆتە بەردەم هەرێمی کوردستان بەڵام «ئەو» ووردوخاشی کردوون و ، هەر کاتێکیش هەستی بە مەترسیەک لەسەر کوردانی باکوور ،ڕۆژهەڵات ، ڕۆژئاوا کردبێت ئامادەبووە و هەوڵی هێورکردنەوە داوە ، بۆیە دەتوانێت زیرەکانە لە کەنارێکەوە بۆ کەنارێکی تر ڕێگاکە ببڕێت ، ئەو پیاوە کە لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان بە یار و نەیار کۆدەبێتەوە بۆ لەقتتەیەکی ئیستیعرازی ڕاگەیاندن نیە ، بەڵکو بۆئەوەیە چۆن بتوانرێت ئەو کوردستانە لەنێو ئەو جیهانە هەڵگێڕو وەرگێڕ و گۆڕانە بە هەوڵی دانبەخۆداگرتن و سەبرگرتن دەربازبکات تا لاچوونی ئەو هەورە ڕەشەی دەوروبەرەکەی گرتۆتەوە ، بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە موخاتەبەی نەیارەکانی کورد بە زمانێکی ئینسانی و بەگوزارشتێکی عاتفی دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت ڕایانکێشی بۆ بەرژەوەندی نیشتیمان ، کە ئەمەش نموونەیەکە لە دبلۆماسیەتێک کە دەتوانێت هاوسەنگی نێوان بەرژەوەندی نیشتیمانیی و گۆڕاوە نێودەوڵەتیەکان بێنێتەدی ، ئاشکرایە کە دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع سوریا وەک دەوڵەتی خەلافەت دەزانێت و بەپێی ئایدۆلۆژیەکەی نابێت هیچ پێکهاتەیەک مافی هەبێت تەنها ئوممەی ئیسلام نەبێت ، بۆئەم مەبەستە سەرۆکی هەرێم بەڕاشکاوانە داکۆکی لە کورد و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کردووە و ، بە سەرۆکی سوریای ڕاگەیاندووە کە سوریا نابێت بەشێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوەبچێت وهەموو پێکهاتەکانی سوریا شایەستەی ژیانێکی باشن و هەرێمی کوردستان پشتگیری لە مەرکەزیەتی بەڕێوەبردن لە سوریا ناکات ، جگە لەمە بەردەوام پاڵپشتی کوردانی ڕۆژئاوای کردەوە و لە هێرش و پەلەماردان پاراستونی و هاوکاری و ئامۆژگاری کردوون ، ئەوەی ڕەتکرەوە کە شەرڤانان کە شەهیدێکی زۆریان لە شەڕی داعش داوە لەناو سوپای سوریا بتووێنەوە ، بۆ کوردانی باکووریش هەوڵی بێوچانی سیاسەتی دبلۆماسیەتی ئەو پیاوە لە دەسەتەبەرکردنی ئاشتی نێوان « پەکەکە » و دەوڵەتی « ئەنقەرە » داوە و بەردەوامە و ، لەم ڕووەوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی جوولەی مەکوکی کردووە و چەندین جار چۆتە « قەندیل » لەگەڵ « قەرەیەلان » و سەرکردەکانی تری پەکەکە کۆبۆتەوە ، , ئەمە بڕیارێکی بوێرانە و مەترسی تێدایە و سەرکێشیەکی زیرەکانەیە و پێچەوانەی هەندێکی تر دوودڵن و هەڵدەستن بە « بەستەڵەکردن »ی دۆخەکە !! چوونی بۆ قەندیل ویستی نوسەرێک نیە کە لەناو شەپۆڵێکی تووڕەدا بۆ وڵاتەکەی بترسێت ، بەڵام ئەمە داواکاری خەڵکە کە تامەزرۆی ئەو جۆرە زانیاریانەن تا لیکی وشکیان بە زانیاری تەڕ بکەن ، پیاوی دەوڵەت ئەو پیاوە سیاسیەیە کە شارەزایە لە هونەری سیاسەت و لەپێناو سوودی گشتی و بەرژەوەندی کۆمەڵگا بەکاریدەهێنێت ، ئەو کەسەیە کە هەردوو چاوەکانی دەخاتەسەر بەرژەوەندی نیشتیمانەکەی و ئاسایشی نەتەوەیی و کار بۆ گەلەکەی ، هەموو گەلەکەی دەکات ، دەبێت هەموو لایەکمان ئەوە بزانین کە ئەو کارەسات و قەیران و جەنگانەی کە لەماوەی ئەو پێنج ساڵەی ڕابردوو ڕوویانداوە ، پەنجا ساڵ زیاترە ئەمە ڕوەینەداوە و نیزامێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە و ، بۆیە سەرۆکی هەرێم بە بڕوای ئەوەی تاکە هەل بۆ نەوەکانی نوێ بریتیە لە دامەزراندن بۆ قۆناخێکی نوێ لە خەباتی مەدەنی و ئاشتی و پەیوەندی گرێدان لەگەڵ بزاڤی لەو جۆرە لە کۆمەڵگە پێشکەوتوو و دیموکراسیەکاندا لە پێناو گووشار خستنە سەر ئەو وڵاتانەی کە کوردستایان داگیر کردوە و ، بۆیە تاکە وەرەقەی گۆشار لە ئێستادا بریتیە لە مقاوەمەی مەدەنیانەی ئاشتی و زمانی حیوار و دبلۆماسیەت بۆ مامڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا ، ئەوڕۆ ئامرازەکانی هێزی نەرم لەوانە حیوار و دبلۆماسیەت بەهێزترین ئامرازن بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندیە ستراتیژیەکان و بەهێزکردنی مەکانەی وڵاتان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی کە بە ڕوونی لە سەردانەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ وڵاتان بەدەردەکەوێت .