لووتکەی شەرم شێخ؛ کۆکردنەوەی زلهێزانی جیهان بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

سەرۆکی ئەمریکا و میسر سەرۆکایەتیی لووتکەیەکی جیهانی لە شاری گەشتیاریی شەرم شێخ لەسەر دەریای سوور دەکەن، بە مەبەستی پتەوکردنی رێککەوتننامەی ئاگربەستی غەززە و چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

تشرینی یەکە 12, 2025 - 09:31
لووتکەی شەرم شێخ؛ کۆکردنەوەی زلهێزانی جیهان بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
رۆژی شەممە سەرۆکایەتیی میسر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، زیاتر لە 20 سەرکردەی جیهان بەشداریی لووتکەکەی پاشنیوەڕۆی دووشەممە دەکەن، لەنێویشیان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
 
سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاندووە، ئامانج لەو لووتکەیە، "کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە کەرتی غەززە و بەهێزکردن و فراوانکردنی هەوڵەکانە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە."
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بانگهێشتنامەی فەرمیی بۆ وڵاتان کردووە بە مەبەستی بەشداریکردنی سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە لەو لووتکەیەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ لیستی بانگهێشتنامەکەش زۆر فراوانە و بۆ وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ژاپۆن، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، هەنگاریا، هیندستان، سالڤادۆر، قوبرس، یۆنان، بەحرەین، کوێت، کەنەدا و تەنانەت ئێرانیش بانگهێشت کراوە. بەڵام میدیای ئیسرائیلی رایگەیاندووە، نوێنەری ئیسرائیل بەشداری لەو لووتکەیە ناکات.
 
چاوەڕوان دەکرێت کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیری ئیسپانیا سەرجەمیان لە لووتکەی ئاشتی لە شەرم شێخ بەشدار بن.
 
ئەمە جگە لەوەی بڕیارە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەی لووتکەکە بێت.
 
پێشتر ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ماکرۆن بەنیاز بووە هەر زوو سەردانی میسر بکات، پلانی هەبووە سەرپەرشتیی هەوڵێک بکات لە داڕشتنی چارەسەرێکی درێژخایەن لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین، کە تێیدا ژمارەیەک لە وڵاتانی رۆژئاوا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن، بەڵام هەریەک لە ئیسرائیل و ئەمریکا دژایەتیی ئەو پلانەی ماکرۆنیان کردووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەشداریی ئەو لووتکەیە ناکات و پێش بەڕێوەچوونی ئەو لووتکەیەش لە هەمان رۆژدا، چاوەڕێ دەکرێت پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە دەست پێبکات.
 
لای خۆیەوە، حوسام بەدران، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە، گرووپەکەیان بەشداریی لووتکەکە ناکات.
 
لووتکەکە، دوای ئەوە رێکخرا کە هەریەک لە ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و گیراوەکان رێککەوتن.
 
ئەو جەنگەی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بووە، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 67 هەزار فەلەستینی، کە زۆربەیان سڤیل بوون.
 
جەنگەکە لەدوای هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، تێیدا 1200 کەس کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە گیران.
 
دانوستانەکان بە نێوەندگیریی نوێنەرانی میسر، قەتەر، تورکیا و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا و جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ بەڕێوەچوون و بووە هۆی هێنانەکایەی رێککەوتنی ئاگربەست و زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نێو کەرتی غەززە.
 
لە لایەکی دیکەوە ئوسامە حەمدان، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەپێی ئەو رێککەوتنەی واژۆ کراوە، ئاڵوگۆڕیی زیندانییەکان لە بەیانیی رۆژی دووشەممە دەستپێدەکات."
 
بەدران ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناخی دووەمی پلانەکەی ترەمپ "زۆر ئاڵۆزی و گرفتی تێدایە،" ئەمە جگە لەوەی بەرپرسێکی حەماس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی "چەکداماڵین، مایەی گفتوگۆکردن نییە."
 
بەپێی پلانەکەی ترەمپ، کاتێک ئیسرائیل قۆناخ بە قۆناخ لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە دەکشێتەوە، هێزێکی فرە نەتەوەیی لە سەربازانی میسر، قەتەر، تورکیا و ئیمارات جێگەی دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی پلان و رێککەوتنەکە، بزووتنەوەی حەماس تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی دووشەممەی مۆڵەتی هەیە بۆ رادەستکردنی 20 بارمتەی زیندوو.
 
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت تەرمی بارمتەیەکی دیکە، کە لە ساڵی 2014ەوە لە غەززە دەستبەسەرە، بگەڕێندرێنەوە.
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل 250 گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، کە هەندێکیان زیندانی هەتاهەتاین.
سەرچاوە: ڕووداو