ئەنجوومەنی کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 18ی ئەیلوول بڕیارێکی دەرکردووە بۆ گەڕاندنەوەی 17 بەربژێر بۆ لیستەکانیان، دوای ئەوەی بەهۆی بڕگەی شەش لە مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بەربژێربوون دوورخرابوونەوە، کە تایبەتە بە رێگری لە خۆبەربژێرکردنی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان.
شاهۆ نەجم عەبدوڵڵا، بەربژێری لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک یەکێکە لەو بەربژێرانەی کە گەڕێنراوەتەوە. زۆربەی ئەو 17 بەربژێرەی گەڕێنراونەتەوە لە لیستی ئەبشیر یا عێراق بوون، کە چوار بەربژێر بوون.
بەگوێرەی دوایین ئامار کە تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دەستی کەوتووە، تاوەکو 19ی ئەیلوولی 2025 ژمارەی ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە یان گۆڕدراون گەیشتووەتە 796 بەربژێر، بەڵام 74یان لە دوای تانەدان لە بڕیاری دوورخستنەوەیان لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن گەڕێنراونەتەوە.
زۆرترین دوورخستنەوەی بەربژێران بەهۆی ئەوە بووە کە یاسای لێپرسینەوە و دادوەری گرتبوونییەتەوە، کە 370 بەربژێر بوون. ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە پێشینەی بەعسیبوونی ئەو بەربژێرانە.
166 بەربژێر بەهۆی کۆتوبەندی تاوانکارییەوە دوورخراونەتەوە، پێنج بەربژێر بەڵگەنامەکانیان ساختە کردووە، هەروەها 170 بەربژێر لەلایەن لیستەکانیانەوە گۆڕدراون.
بەگوێرەی ئامارەکان، تاوەکو 17ی ئەیلوول حەوت هەزار و 787 بەربژێر ماونەتەوە.
کۆمیسیۆن ناوی بەربژێرانی ناردووە بۆ 13 وەزارەت و دەستە و دامەزراوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەر لەوەی راستاندن بۆ ناوەکانیان بکرێت.
جومانا غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی روووداوی راگەیاند: "رۆژێکی دیاریکراو نییە بۆ ئەوەی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە ناوی بەربژێران تەواو بێت."
11ی یەکشەممەی دووەمی ئەم ساڵ دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، کە هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت.
سەرچاوە: ڕووداو