بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: نزیکەی 850 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە هاتوونەتە کوردی

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، زیاتر لە 100 قوتابخانەیان پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە و چەند قوتابخانەیەکیش بە تەواوی چۆڵکراون. ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 850 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە هاتوونەتە کوردی.

ايلول 18, 2025 - 17:51
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: نزیکەی 850 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە هاتوونەتە کوردی
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-09-2025، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی قوتابخانەکانیان رایگەیاند، ''لەدوای 2014ـوە هیچ باڵەخانەیەکمان بۆ زیاد نەکراوە و هیچ قوتابخانەیەکیش نۆژەن نەکراونەتەوە.''
 
بەگوتەی کامەران عەلی، حکومەتی عێراق لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـوە، ''بە بەرنامە'' خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پەراوێز خستووە.
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کورکووک باسی دۆخی قوتابخانەکانی کرد و گوتی، ''زیاتر لە پێنج یان شەش قوتابخانەمان کە کەڵکی خوێندنیان تێدا نەماوە، چۆڵمان کردوون و پێویستە نۆژەن بکرێنەوە.''
 
وەک کامەران عەلی دەڵێت، زیاتر لە 100 قوتابخانەی خوێندنی کوردی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و  زیاتر لە 40 قوتابخانەی سێ دەوامی لە سنووری کەرکووک هەن، هەروەها ژمارەیەک قوتابخانەی چوار دەوامیشیان هەن.
 
بەهۆی کەمیی رووبەری خوێندن و چۆڵکردنی ژمارەیەک لە قوتابخانەی کۆن، بەشێک لە قوتابییانی کەرکووک لە کابینەکاندا دەیانخوێند. بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئێستا بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران کابینەکان هەڵگیراونەتەوە، ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ ئێمە دروست کردووە.''
 
سەرەڕای ئەو گرفتانەی کە لە خوێندنی کوردیدا هەن، کامەران عەلی گوتی، ''ئەم ساڵ نزیکەی 850 قوتابی ناونووس کراون کە لە عەرەبییەوە هاتوونەتە خوێندنی کوردی.''
 
وەک بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی دا، ئەم ساڵ زیاتر لە هەشت هەزار قوتابی، لە پۆلی یەکی بنەڕەتیی خوێندنی کوردی ناونووسییان کردووە کە بەراورد بە پار ژمارەیان بەرزبووەتەوە.
 
بڕیارە 21ـی ئەیلوول زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێبدرێت. لە سنووری کەرکووک، زیاتر لە 100 هەزار قوتابیی خوێندنی کوردی لە 557 قوتابخانەدا دەخوێنن کە زیاتر لە 8 هەزار و 500 مامۆستا وانەیان پێ دەڵێنەوە.