ژمارەیەک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان دەچنە بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک جووتیار لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچەی پێنجوێنەوە بچنە بەغدا، بۆ ئەوەی داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی بکەن، پاڵپشتی جووتیاران بێ و هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە قەدەخە بکات کە لە هەرێـمی کوردستان زۆرن.

ايلول 13, 2025 - 16:34
ژمارەیەک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان دەچنە بەغدا
ئەمڕۆ شەممە 13-09-2025، سەلمان سادق، جووتیاری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ 50 جووتیاری سنووری سۆران و نزیکەی 100 جووتیاری سنووری پێنجوێن بچنە بەغدا ''بۆ ئەوەی پاڵپشتیی جووتیارانمان بکەین و بتوانین بەرهەمی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان ساخ بکەینەوە.''
 
بەگوتەی سەلمان سادق، دواکاریی جووتیاران لە وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی ئەوەیە کە ''بە هیچ شێوەیەک'' رێگە بە هاوردەکردنی تەماتە، پەتاتە، پیاز، شووتی و بەروبوومی دیکە نەدرێ، ''چونکە ئێمە بەرهەمی خۆمان زۆرە و نامانەوێ لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق بکرێ و جووتیارانمان زەرەرمەند بن.''
 
ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوە کرد، داواکارییەکانیان تەنیا ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی دەکەن، چونکە ''حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر پاڵپشتمانە و هیچ بەروبوومێک لە دەروازە سنوورییەکانی کوردستانەوە هاوردە ناکرێ، بەڵام لە بەغدا ستەممان لێ دەکرێ.''
 
سەلمان سادق ئاماژەی بەوە کرد، جووتیارانی هەرێمی کوردستان توانای ئەوەیان هەیە کە تەماتە بە نرخی 650 بۆ 700 دینار بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق بنێرن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە وەک سەلمان سادق دەڵێت، رۆژانە بڕێکی زۆر تەماتە تەنیا لە رێگەی دەروازەی سنووریی شەلەمچەی بەسرەوە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ.
 
ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان هاوردەکردنیان قەدەخە دەکات، ئەوەش بە ئامانجی ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران.
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، هاوئاهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە کە کاژێر 10:00ـی بەیانی یەکشەممە لە وەزارەتەکە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابنیشن و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن.