یانەیەکی ئینگلیزی بە فەرمی داوای رامۆس دەکات

یانەی مانچێستەر یونایتد، بەفەرمی داوای گرێبەستکردن لەگەڵ سێرجیۆ رامۆس، ئەفسانەی بەرگریی ئیسپانیای کردووە و یانەکە دەیەوێت لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.

كانوونی یەکە 11, 2025 - 12:17
یانەیەکی ئینگلیزی بە فەرمی داوای رامۆس دەکات
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یونایتد ویستی گرێبەستکردن لەگەڵ رامۆسی هەیە کە بەیەکێک لە مەزنترین یاریزانەکانی مێژووی ریال مەدریدی ئیسپانی دادەنرێت، پاشئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو یاریزانە رۆیشتنی لە مۆنتێریی مەکسیکی راگەیاند.
 
ئەگەرچی یانەی مۆنتێری هەوڵیدەدا رامۆس لە ریزەکانیدا بهێڵێتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە تەمەن 39 ساڵانە، نیازی خۆی بەگەڕانەوە بۆ یارییکردن لە ئەورووپا راگەیاند.
 
بەپێی سەرچاوەکان، رامۆس لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی بەردەستی دەکات، بەلەبەرچاوگرتنی چوونە خولی ئینگلیزی و بەتایبەت مانچێستەر یونایتد.
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، دانوستاندن لە نێوان هەردوولا دەستیپێکردووە، بەڵام لە قۆناخەکانی سەرەتادایە و هێشتا رێکەوتن نەکراوە.
 
پێشتر سەرچاوەکان رایانگەیاندبوو، کاپتنەکەی پێشووی ئیسپانیا و ریال مەدرید، ویستی گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتووی هەیە و دەیەوێت بە توانایەکی جەستەیی بەرزەوە وەرزەکەی کۆتایی پێبهێنێت.
 
رامۆس کە لەگەڵ ئیسپانیا نازناوی مۆندیالی 2010 و لەگەڵ ریال مەدرید چوارجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، لە دوایین دەرکەوتنیدا لەسەر میدیاکانی مەکسیک رایگەیاند، دوایین یاریی خۆی لە مەکسیک ئەنجامداوە.
 سەرچاوە: ڕووداو