لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی بچوککراوەی نێودەوڵەتی، راکێشانی تیروپشکی جامی جیهانی خانمان لە شاری هەولێر ئەنجامدرا، یارییەکان رۆژی 17ـی مانگی نۆی ئەمساڵ دەستپێدەکەن و هەڵبژاردەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکران بەمشێوەیە:
کۆمەڵەی یەکەم: کوردستان، لوبنان، سویسرا، کازاخستان، ئوردن و پاکستان.
کۆمەڵەی دووەم: تونس، میسر، ئۆگەندا، هایتی و تایوان.
محەممەد دۆسەری، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بچوککراوەی نێودەوڵەتی، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "دوای ئەوەی دووجار سەردانی شاری هەولێرم کرد و لە نزیکەوە بوونی کەشێکی زۆر باش و گونجاوی ئاسایش و پێشکەوتوو لەڕووی هۆتێل و باشی ژێرخانی وەرزشی شارەکەم بینی، ئەوکات پلانی پێدانی مافی میوانداریکردنی جامی جیهانی خانمان لای من هاتە ئاراوە، دواتر لە سعودیە بڕیاری کۆتاییماندا و بێگومان یارییەکان لە پایتەختی کوردستان بەڕێوەدەچن".
بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی هەولێر ئامادەکاریی بۆ میواندارییەکی سەرکەوتوو دەکرێت، کە لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە و دەستنیشانکردنی لیژنەکان کراوە.
دۆسەری زیاتر روونیکردەوە "بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و هەموو خۆشەویستانمان لێرە بەتەواوی هەواهەنگ و هاوکارمانن، سوپاس بۆ ئەو میواندۆستی و گیانی جوانیان کە دەیانەوێت جامی جیهانی بەجوانترین شێوە بەڕێوەببەن".
سەرچاوە: ڕووداو