فەرمی.. ئێمباپێ لەبارەی بوونی زیدان بە راهێنەری فەرەنسا قسە دەکات
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید لەبارەی چوونی دیدێ دیشامپ لە هەڵبژاردەکە و ئەگەری هاتنی زینەدین زیدان قسەدەکات و باسی گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەکە دەکات.

ئێمباپێ لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا دەرکەوت و لەبارەی گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا گوتی "بە دڵنیاییەوە ماوەی رابردوو بۆ من کاتێکی سەخت بوو، بەڵام پێموایە باشترین بڕیار بوو بۆ هەموو لایەنەکان، بە تیپی فەرەنساشەوە، چونکە لە کۆتاییدا ئەوە تیپی فەرەنسایە کە لە پێش هەمووشتێکەوە دێت، لەپێش من، لەپێش راهێنەر، لە پێش هەموو یاریزانەکانی دیکە. هیچ شتێک لە درێسی شین گرنگتر نییە و هەمیشە ئەوە خەمی سەرەکیمان بووە."
کیلیان زیاتر گوتی "پێموایە هەموو وەرزشوانێک لە کاتێک لە کاتەکاندا بە بارێکی ناخۆشدا تێپەڕ دەبێت، منیش لەوە بێبەشنیم، بەڵام ئەوە بەشێکە لە گەشتی یاریزان لەناو جیهانی تۆپی پێدا. دەبێت بزانی چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەیت و بە ورەیەکی باشتر بگەڕێیتەوە."
ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا لەبارەی دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەکەوە دەڵێت "لەدەستدانی ئەو خەسارەتێکی گەورەیە، هەموومان لەپێناو ئەودا هەوڵدەدەین نازناوی مۆندیالی داهاتوو ببەینەوە و ئامانجی سەرەکی من بردنەوەی مۆندیالی 2026ـە بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە ماڵئاوایی لێبکەین."
لەبارەی ئەوەی کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ گوتی "هەمووان دەزانن ناوی زۆر هەن بۆ شوێنگرتنەوەی دیشامپ، بەڵام وەکو هەمیشە گوتوومە، ئەمە بەرپرسیارەتیی من نییە، بەڵکو بابەتەکە پەیوەندیی بە فیلیپ دیالۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێوە هەیە."
ئێمباپێ باسی پەیوەندی خۆی و زینەدین زیدان دەکات و دەڵێت "خۆشەویستیی من بۆ زیدان شتێک نییە باس بکرێت، دڵخۆش دەبم ببێتە راهێنەری فەرەنسا، بەڵام پێویستە رێز لەوانە بگرم کە هەڵبژاردەکە بەڕێوەدەبەن و دووپاتیدەکەمەوە بڕیارەکە بەدەست من نییە، هەمیشە رێز لە هەڵبژاردەکە دەگرم، ئەمە پەیوەندیی بە رۆڵی منەوە نییە و دەبێت رێز لەو راهێنەرە بگرین کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەکەیە."
ئەم قسانەی کیلیان ئێمباپێ، لەکاتێکدایە دوای ماوەیەک یاریزانەکە گەڕایەوە نێو هەڵبژاردەی فەرەنسا و خۆیان بۆ هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگ بەرامبەر کرواتیا ئامادەدەکەن. پێشتر دیدێ دیشامپ، راهێنەری فەرەنسا رایگەیاندووە، لە دوای یارییەکانی مۆندیالی 2026 واز لە راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەکە دەهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی دەنگۆی زۆر لەبارەی بوونی زینەدین زیدان، بە راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە بڵاوبکرێنەوە.
زینەدین زیدان و کیلیان ئێمباپێ پەیوەندییەکی بەهێزیان بەیەکەوە هەیە، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بەیەکەوە دەرکەوتوون، کاتێکیش کیلیان ئێمباپێ چووە ریال مەدرید، زیدان لە رێوڕەسمی ناساندنەکەیدا ئامادەبوو.
سەرچاوە: ڕووداو