هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی رۆناڵدۆ و ریال مەدریدەوە

سندووقی وەبەرهێنانی سعودی داهاتووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و وێستگەی یارییکردنی لەنێوان یانەکانی سعودییەدا یەکلادەکاتەوە، لەکاتێکدا یاریزانەکە نزیکە لە یانەی نەسڕ بڕوات.

ئارەی 29, 2025 - 09:41
هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی رۆناڵدۆ و ریال مەدریدەوە

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی رۆناڵدۆوە بڵاوکرانەوە، لەکاتێکدا ئەو یاریزانە دوای کۆتاییهاتنی خولی سعودی بۆ وەرگرتنی پشوو چووەتە مەدرید.

 بەپێی زۆرینەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ بەردەوام نابێت، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە بەرەو کۆتاییدەچێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ یانەی نەسڕ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە یانەکەی رابگەیێنێت.

سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە دەیەوێت کریستیانۆ لە سعودیە بمێنێتەوە و بۆ ئەوەش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە، سەرچاوەیەک لەنێو سندووقەکە دەڵێت "سەرەتا پێشنیازی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی خراوەتە بەردەم کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە بەرامبەر جێبەجێکردنی هەموو ئەو مەرجانەی ئەو بۆ گۆڕانکاریکردن لە یانەکەدا هەیەتی، بەڵام دۆن رازی نییە."

 سەرچاوەکە دەڵێت "ئێستا سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە پلانی دووەمی جێبەجێ دەکات و پێشنیازی ئەوەی خستووەتە بەردەم ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کە پەیوەندی بە یانەی هیلالەوە بکات و گرێبەستەکەی بەشێوەی هەمیشەیی بێت، نەک تەنیا بۆ ماوەی مۆندیالی یانەکان."

 سندووقی وەبەرهێنانی سعودی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی گوتووە، ئەگەر بچیتە یانەی هیلال، جگە لەوەی لە رووی داراییەوە گرێبەستەکە سوودی زۆری دەبێت، بەیەکەوە کار بۆ پڕۆژەی گەورەتریش دەکەن، بەمەش ئەگەری هەیە رۆناڵدۆ بە مانەوە لە سعودیە رازی بێت.

 میدیای سعودی دەڵێت "رۆناڵدۆ بووەتە یاریزانی یانەی هیلال، تەنیا ماوە گرێبەستەکەی رابگەیێنرێت."

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات و لە ئەگەری چوونی بۆ یانەی هیلال، دەگاتە ئەو ئامانجەشی و لەگەڵ یانەکە بەشداری دەکات.

هیلال یەکەم یاریی لە مۆندیالی یانەکاندا بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئەنجامدەدات، لە ئەگەری گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەکەی، ئەوا یەکەم یاریی دۆن بەدرێسی هیلالەوە بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دەبێت، کە لە نێوان 2009 تاوەکو 2018 بەدرێسی ئەو یانەیەوە یارییکردووە و دەستکەوتی زۆری لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو