مێسی بە لێدوانێکی ئاگرین بێدەنگی خۆی دەشکێنێت
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، لە لێدوانێکی ئاگریندا رەخنە لە ناوبژیوانانی خولی ئەمریکی دەگرێت و داوادەکات تاوەکو زووە کێشەی ناوبژیوانی چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی گومان لە پاکی خولەکە نەکرێت. لیۆ گوتی "ناوبژیوان پێیگوتم لە یاسای گەڕاندنەوەی تۆپ بۆ گۆڵپارێز نازانم".

مێسی ناڕەزایی قوڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو هەڵانەی ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر ئۆرلاندۆ سیتی ئەنجامی دان، کە لەگەڕی 14ـی خولی تۆپی پێی ئەمریکیدا بەشکستێکی گەورەی ئینتەرمەیامی بەئەنجامی 3-0 کۆتایی هات.
خاوەنی 8 باڵۆندۆر داوای لە رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە کرد بەپەلە چارەسەری پرسی ناوبژیوانی بکەن بۆ دڵنیابوون لە پاکی خولەکە و لە لێدوانێکی ئاگریندا دوای یارییەکە، کە ئەم بەیانییە بەڕێوەچوو، مێسی گوتی "گێمی یەکەم یارییەکی نایابمان ئەنجامدا، هێرشی باشمان برد و هەلمان بۆ گۆڵ دروستکرد، بەڵام دیمەنیکی سەیر ئاراستەی یارییەکەی گۆڕی".
لیۆ لەدرێژەی لێدوانەکەیدا گوتی "یاریزانێکی ئۆرلاندۆ تۆپەکەی بۆ گۆڵپارێزەکەیان گەڕاندەوە، ناوبژیوانەکە خۆی پێیگوتم کە یاساکە نازانم و لێی تێناگەم. هەر لەو تۆپەوە پاسێکی درێژ کرا و گۆڵێک لەدژی ئێمە تۆمارکرا".
پاڵەوانی مۆندیالی 2022 ئاماژەی بەوەشکرد "هەڵەی ناوبژیوانی روون روودەدەن، وەک لە دوایین یاریمان بەرامبەر سان خۆسێ، بینیمان هیچ بیانوویەک نییە، بەڵام ئەم هەڵانە هەمووجارێ دووبارە دەبنەوە، دەبێت خولەکە چاو بە ئاستی ناوبژیوانیدا بخشێنێتەوە".
ئەم دۆڕاندنە قەیرانی ئینتەرمەیامی قوڵتر کردەوە، تیپەکە لە دوایین 7 یاری لە خولی ئەمریکی و جامی پاڵەوانانی کۆنکاکافدا 5 جار دۆڕاوە. ئێستا ئینتەرمەیامی بەکۆکردنەوەی 22 خاڵ لە 13 یارییدا پلەی شەشەمی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی گرتووە، لەکاتێکدا ئۆرلاندۆ سیتی دوای 14 گەڕ بەکۆکردنەوەی 24 خاڵ خۆی گەیاندە پلەی پێنجەم.
سەرچاوە: ڕووداو