سندووقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداری دەداتە عێراق: ساڵێکی ئابووریی سەخت لەپێشە
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) هۆشداری دەدات لەوەی عێراق ساڵێکی پڕ لە ئاڵنگاریی ئابووری بەڕێدەکات، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەردەوامی خەرجییەکان بۆ مووچە و کڕینی وزە، کە 55%ی کارەباکەشی بەفیڕۆدەچێت. سندووقەکە پێشبینی دەکات گەشەی ئابووریی نانەوتیی عێراق بۆ ساڵی 2025 "زۆر کەم ببێتەوە."

نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆی بەسرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر هەیە عێراق بڕیاری شەڕەنگێزانە بدات، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە." ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەو ئاڵنگارییە ئابوورییانەی ئەم ساڵ رووبەڕووی عێراق دەبنەوە.
دۆخی ئابووریی عێراق وایکرد شاندێکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لەنێوان 4 بۆ 13ی ئایار، چەندین کۆبوونەوە لە بەغدا و عەممانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە دارایی و ئابوورییەکانی عێراق ئەنجام بدەن. رۆژی 15ی ئایار، سندووقەکە راپۆرتێکی لەبارەی پێشبینییەکانی بۆ ئەمساڵی عێراق بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراودا هاتووە، کورتهێنانی دارایی لە ساڵی 2023دا 1.1%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە بۆ ساڵی 2024 بۆ 4.2%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بەرز ببێتەوە. راپۆرتەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "خەرجیی مووچە و کڕینی وزە لە عێراق تا دێت زیاد دەکات." سەبارەت بە کورتهێنانی بودجە، نەبیل مەرسوومی پێی وایە کورتهێنانەکە زۆر لەوە زیاترە کە راگەیێندراوە و بە رووداوی گوت، "ئەو پێنج تریلیۆن دینارەی وەزارەتی دارایی وەکو کورتهێنانی 2024 رایگەیاندووە، ژمێریارییە، ئەگەرنا ئەو خەرجییانەی پاکتاو نەکراون، بڕەکەی بۆ زیاتر لە 19 تریلیۆن دینار بەرز دەکاتەوە."
جێگەی باسە، نرخی بەرمیلێک نەوت لە یاسای بودجەی عێراقدا بە 70 دۆلار خەمڵێنراوە، بەڵام زیاتر لە دوو مانگە نرخەکەی لە بازاڕەکاندا لە خوار ئەو ئاستەوەیە. بەگوێرەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، "زیادەی خەرجی زۆر کەمی کردووە و لە 7.2%ـەوە بووە بە 2%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی هاوردەکردنی کاڵاوە." سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی، "ئەوە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی هاوردەکردنی کاڵا لە دەرەوە، بە بەراورد بە کەمبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆیی."
سندووقەکە پێشبینی کردووە گەشەی ئابووریی نانەوتیی عێراق بۆ ساڵی 2025 "زۆر کەم بێت" و گەشەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیشی بۆ 1% کەم ببێتەوە. هۆکارەکەشی بۆ نزمبوونەوەی نرخی نەوت و زۆریی خەرجییەکانی حکومەت گەڕاندووەتەوە، کە کاریگەریی گەورەشی لەسەر خەرجیی رەوان (جاری) دەبێت بۆ ئەمساڵ، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی هەناردەی نەوتەوەیە. لەمبارەیەوە نەبیل مەرسوومی رایگەیاند، "ئەو گەشە ئابوورییەی لە عێراق هەیە راگوزەرە و پەیوەندیی بە نێوخۆوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی دەرەوە."
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە خاڵە لاوازەکانی ئابووریی عێراق لەم چەند ساڵەی دواییدا زیادیان کردووە، بەهۆی زیادبوونی خەرجی لە رێگەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی و مووچەکانیان، هەروەها پشتبەستنی زیاتر بە داهاتی نەوت. سندووقەکە داوا دەکات "کاردانەوەیەکی خێرا هەبێت و دەسەڵاتداران پێداچوونەوە بە پلانی خەرجیی رەوان بکەن و کار بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی بکەن لە رێگەی پێداچوونەوە بە پێناسەی گومرگی. هەروەها نابێت کورتهێنانی دارایی بە یەدەگی دراوی بیانی پڕبکرێتەوە و توانای بانکی ناوەندی لاواز بکرێت."
پێشتر و بۆ رووبەڕووبوونەوەی کورتهێنان و کەمیی نەختینە، رۆژی 14ی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزیری دارایی بۆ بەکارهێنانی زیاتر لە سێ تریلیۆن دیناری سپاردەی باجی کۆمپانیاکان بۆ دابینکردنی مووچە.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024، بڕی یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق بگاتە 100.3 ملیار دۆلار، کە ئەمەش تەنیا بەشی 12 مانگ خەرجیی کاڵای هاوردەکراو دەکات. یەکێکی دیکە لەو پرسانەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداریی تووندی لەبارەوە داوە، خەرجییەکانی کەرتی وزە و بەتایبەت کارەبایە.
سندووقەکە دەڵێت، "چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان لە کەرتی کارەبا پرسێکی گرنگە بۆ دارایی گشتی. لە ساڵی 2024 رێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبا گەیشتووەتە 55%، ئەمەش لە رێگەی دزین و راکێشانی نایاساییەوەیە، کە بووەتە هۆی زیانێکی دارایی زۆر."
سەرچاوە: ڕووداو