نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی یەک هەفتەی رابردوو دابەزی

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا دابەزی.

ئارەی 29, 2025 - 09:39
نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی یەک هەفتەی رابردوو دابەزی

دادگەیەکی فیدراڵی لە ئەمریکا سەپاندنی پێناسی گومرکی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بلۆک کردووە و بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە بەرزبووەتەوە، ئەو دوو هۆکارەش نرخی زێڕی دابەزاند بۆ نزیکەی 3270 دۆلار.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی 40 دۆلار دابەزی، بەڵام دوای چەند کاژیرێک هەندێ لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە و ئێستا بە 3270 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

 دادگایەکی بازرگانی لە ئەمریکا بڕیاریدا، دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە دەسەڵاتە یاساییەکانی بەکارهێناوە و بڕیارەکانی سەبارت بە سەپاندنی پێناسی گومرکی بەسەر وڵاتانی دیکەدا هەڵوەشاندەوە.

 نیکۆلاس فراپێل، بەڕێوەبەری بەشی بازاڕ لە کۆمپانیای (ئەی بی سی ریفاینەری) کە تایبەتە بە کانزا گرانبەهاکان رایگەیاند، "هەوڵی بلۆککردنی بڕیارەکانی ترەمپ گەورەترین کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ داناوە.هەرچەندە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ."

سەرچاوە: ڕووداو