ترەمپ: گومبەزی زێڕین دروست دەکەین کە رێگری لە هێرش لە بۆشایی ئاسمانیشەوە دەکات
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە سێ ساڵی داهاتوودا سیستمێکی بەرگری بەناوی "گومبەزی زێڕین" دروست دەکەن کە ئامانج لێی پارێزگاریکردنە لە وڵاتەکەیان دژی هەموو مەترسییەکان. چین و رووسیاش دژایەتیی خۆیان بۆ پڕۆژەکە پیشانداوە.

رۆژی سێشەممە 20ی ئایاری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پلانێکی بۆ دروستکردنی سیستمێکی بەرگریی نوێ بۆ وڵاتەکەی راگەیاند. ترەمپ گوتی، "لە کەمپەینی هەڵبژاردندا بەڵێنم بە هاووڵاتییانی ئەمریکی دا قەڵخانی بەرگریی مووشەکی دروست بکەم." دڵخۆشیی خۆیشی راگەیاند بەئەوەی، دیزاینێکیان هەڵبژاردووە بۆ ئەو سیستمە بەرگرییە مووشەکییە.
ئیدارەی ترەمپ بەنیازە سەرەتا 25 ملیار دۆلار لە پرۆژەکەدا خەرج بکات، کە سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات 175 ملیار دۆلاری تێبچێت و بە سێ ساڵ تەواو بکرێت. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "گومبەزی زێڕین توانای رێگریکردنی لە مووشەکەکان دەبێت تەنانەت ئەگەر لە ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە یان بۆشایی (ئاسمانەوە) هەڵبدرێن". جەختی لەوەش کردەوە، سیستمەکە "زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتن و مانەوەی وڵاتەکەمان."
سەرۆکی ئەمریکا مایکل گوتلین، جێگری فەرماندەی هێزی بۆشایی ئەمریکای بۆ سەرپەرشتیکردنی پلانەکەی دیاریکردووە. بەگوێرەی گوتەکانی ترەمپ، کەنەداش ویستی خۆی بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکە دەربڕیوە، چونکە "ئەوانیش دەیانەوێت پارێزراوبن."
پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەکاتی گوتەکانی ترەمپدا ئامادەبوو و رایگەیاند، "ئامانج لە سیستمەکە پاراستنی وڵاتەکەیانە لە مووشەکەکانی کرووز و بالستی و هایپەرسۆنیک و درۆن و چەکی ئەتۆمی."
رۆژی 8ی ئەم مانگە شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا پلانەکەی ئەمریکایان بە هۆکاری دروستبوونی ناسەقامگیریی زیاتر و گۆڕانی بۆشایی ئاسمان بە "مەیدانی جەنگ" دانا.
سەرچاوە: ڕووداو