سەرۆکی تایوان: ئاشتی ناکەمە قوربانیی رێککەوتنی ئەمریکا و چین

لای چینگ تێ، سەرۆکی تایوان دەڵێ، بەردەوامیی فرۆشتنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە و زیادبوونی هاوئاهەنگی و هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان واشنتن و تایوان "کلیل و بنەمای سەرەکی" پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێگە نادات ئاشتیی دوورگەکەی ببێتە بەشێک لە "مامەڵە" و رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەیژینگ

ئایاری 17, 2026 - 17:29
سەرۆکی تایوان: ئاشتی ناکەمە قوربانیی رێککەوتنی ئەمریکا و چین
سەرۆکی تایوان لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووک وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن رەنگە ئەمریکا و چین لەسەر حیسابی تایوان رێکبکەون. لای چینگ تێ گوتی: "تایوان ئەو شوێنەیە کە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی جیهانی لێ کۆبووەتەوە؛ بۆیە هەرگیز رێگەنادەین ئاشتی و سەقامگیری تایوان بکرێتە قوربانی یان مامەڵەی پێوە بکرێ".
 
ئەم لێدوانەی سەرۆکی تایوان تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە فرۆشتنی چەک بەو دوورگەیە وەک "کارتێکی گوشار" لەنێو دانوستاندنەکان لەگەڵ چین بەکاربهێندرێ. 
 
تایوان کڕینی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی بە تاکە رێگەی بەهێزبوونی خۆی دەزانێت. 
 
سەرۆکی تایوان لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا تەنیا بەرژەوەندییەکی دوورگەکەی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئاسایشی هەموو جیهانەوە هەیە.
 
تایوان دوورگەیەکە لە رۆژهەڵاتی ئاسیا کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، بەڵام تایوان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵە دەکات. ئەمریکا بەپێی "یاسای پەیوەندییەکانی تایوان"ـی ساڵی 1979، پابەندە بەوەی چەکی پێویست بۆ بەرگری لەو دوورگەیە دابین بکات.
سەرچاوە: رووداو