ترەمپ لەنێو کۆشکی سپی سەرۆکی ئەفریقای باشووری تووشی شۆک کرد
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، سەرۆکی ئەفریقای باشووری تووشی شۆک کرد؛ ئەمەش کاتێک ڤیدیۆیەکی پیشاندا و بانگەشەی ئەوەی کرد، جووتیارە سپیپێستەکانی ئەفریقای باشوور دەکرێنە ئامانج و بەرەو ئەمریکا هەڵدێن.

کاتێک دۆناڵد ترەمپ ڤیدیۆکەی بەکارهێنا بۆ بانگەشەی ئەوەی کە جووتیارە سپیپێستەکان دەکوژرێن و زەوییەکانیان داگیر دەکرێت، کۆبوونەوەکە گرژی تێکەوت، لە کاتێکدا سیریل رامافۆسا، هەوڵیدەدا وەڵام بداتەوە. ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، رەشپێستەکانی ئەفریقای باشوور ئەم کارانە دەکەن و رووبەڕووی هیچ سزایەک نابنەوە.
ترەمپ، رامافۆسای بە "کەسایەتییەکی جێی مشتومڕ" ناوبرد و هۆشداری دا کە ئەفریقای باشوور لەوانەیە دابڕمێت ئەگەر ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت؛ هەروەها چەند گوتارێکی رۆژنامەڤانیشی پیشاندا، کە دەیگوت پشتگیری لە بانگەشەکانی دەکەن.
رامافۆسا لەکاتی ڤیدیۆکە نائارام دەردەکەوت و جار جارەش دەیپرسی ئەو ڤیدیۆیە لەکوێ گیراوە؟ سەرۆکی ئەفریقای باشوور هەوڵی دا لێکدانەوە "هەڵە"کانی ترەمپ چاکبکاتەوە، بەڵام ترەمپ پێی دەبڕی یانیش گرنگی بە روونکردنەوەکان نەدەدا.
رامافۆسا رەتیکردەوە زەوی لە جووتیارە سپیپێستەکان وەربگیرێتەوە بەپێی یاسای چاکسازیی زەوی، جەختی لەوە کردەوە هیچ دەستبەسەرداگرتنێکی زەوی رووینەداوە و زۆربەی قوربانییانی تاوان لە ئەفریقای باشوور رەشپێستن. پێشتر ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە لە ئەفریقای باشوور "کۆمەڵکوژی" دەکرێت و ئیلۆن مەسکیش پشتگیریی لەو قسەیە کردبوو.
مەبەستی سەردانەکە کەمکردنەوەی ئەو گرژییانە بوون کە لەدوای ئەو لێدوانەوە دروستببوون. رامافۆسا هەوڵیدا گفتوگۆکە بەرەو دیالۆگی ئاشتییانە ببات، ئاماژەی بە گوتەکانی نێلسۆن ماندێلا کرد و داوایکرد بە هێمنی باس لە پرسەکە بکرێت؛ بەڵام ترەمپ قسەکانی پێبڕی و بەردەوام بوو لە پیشاندانی ڤیدیۆکە.
لە ڤیدیۆکەدا کە ماوەکەی چوار خولەک و نیو بوو، جولیوس مالێما دەردەکەوێت کە کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنە، تێیدا دروشمێکی کۆنی دژە جیاکاریی رەگەزی دەگوتەوە و بە دیمەنی خۆپیشاندان کۆتایی هات، کە ترەمپ بە هەڵە وەک "گۆڕی جووتیارە کوژراوەکان" وەسفی کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رامافۆسا خەریکی پێشکەشکردنی گرێبەستێک بووە بە ئیلۆن مەسک بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ستارلینک لە ئەفریقای باشوور.
لەوکاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی، ئیدارەکەی لەگەڵ ئەفریقای باشوور نێوانی باش نییە— رەخنەی لە سکاڵای کۆمەڵکوژیی غەززەی ئەو وڵاتە گرتووە دژی ئیسرائیل، یارمەتییەکانی بڕیوە، پێناسی گومرگی لەسەر زیاد کردووە، باڵیۆزەکەشی بەهۆی رەخنەگرتن لە بزووتنەوەی "ماگا"ـی ترەمپ، دەرکردووە.
ماگا کورتکراوەی (Make America Great Again)ـە واتا (دووبارە مەزنکردنەوەی ئەمریکا) کە ترەمپ پێی بەناوبانگە.
سەرچاوە: ڕووداو