نرخی نەوتی برێنت 67 دۆلاری تێپەڕاند

دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر کێشە بازرگانییەکانیان بەردەوامن. ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر بازاڕی نەوت.

حوزەیری 10, 2025 - 10:29
نرخی نەوتی برێنت 67 دۆلاری تێپەڕاند

 نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە 12 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 67 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 13 سەنت بەرزبووەتەوە و بە 65 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەگەری رێککەوتنی نێوان یەکەم و دووەم گەوەرەترین ئابووریی جیهان، خواستی لەسەر نەوت بەرزکردووەتەوە. کاریگەریی دانوستاندنەکان هێندە زۆر بووە لە سەر بازاڕی نەوت کە نرخی نەوتی برێنتی بەرزکردووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی مانگی رابردوودا.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران پێشنیازی ئەمریکای لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی رەتکردووەتەوە و پێشنیازی خۆی پێشکەش کردووە. ئێران پێشنیازی ئەمریکای رەتکردووەتەوە کە رێگە بەو وڵاتە نادات لەسەر خاکی یورانیۆم بپیتێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران کێشەیان تێکەوتووە و ناکۆکی لە نێوانیاندا سەری هەڵداوە.

تووندبوونەوەی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، دەتوانێت لە کۆتاییدا ببێتە هۆکار بۆ گەمارۆی زیاتری ئێران و کەمکردنەوەی نەوتی ئێران لەنێو بازاڕدا. ئەوەش کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت داناوە.

سەرچاوە: ڕووداو