وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: ئەمڕۆ گەڕانەوەی حاجییان دەستپێدەکات
ئەمڕۆ پرۆسەی گەڕانەوەی حاجییانی عێراق دەستپێدەکات و گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، یەکەم گەشت لە فڕۆکەخانەی تائیف-ەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا دەبێت. وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، 12ی مانگ گەڕانەوەی وشکانی و 14 مانگیش گەڕانەوەی ئاسمانی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ پرۆسەی گەڕانەوەی حاجییان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەستپێدەکات.
یەکەم گەشت لە فڕۆکەخانەی تائیف-ەوە بەرەو فڕۆکەخانەی بەغدا دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق روونیکردەوە، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاسمانیی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی تائیف و مەدینە دەبێت، ژمارەی گەشتەکان لە 12 و 13 حوزەیران بۆ دوو گەشت لە رۆژێکدا زیاد دەبن، دواتر رۆژانە دەبێتە 4 بۆ 6 گەشت، تاوەکو 24ی مانگ بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە گەڕانەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەڕانەوە بە رێگەی وشکانی کاژێر چواری بەیانی رۆژی 12ی مانگ دەستپێدەکات، کە لە 1645 حاجی پێکدێن، گەشتی فڕۆکەش 14ی مانگ دەستپێدەکات، تاوەکو 20 ی ئەم مانگە ھەموو حاجیان دەگەنەوە کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان گوتی، بەگشتی ژمارەی حاجییانی هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 136 کەس بوون و کەسێک گیانی لەدەستداوە.
هەر لەوبارەوە، کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەڕانەوە بە رێگەی بە وشکانی 12 مانگ دەستپێدەکات و 14 مانگ دەگەنەوە هەرێمی کوردستان. بە رێگەی ئاسمانیش 14 مانگ یەکەم فڕۆکە دەگاتەوە هەرێمی کوردستان.
سەرچاوە: ڕووداو