وادەی وازهێنانی رۆناڵدۆ لە یارییکردن ئاشکرا بووە

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ وادەی وازهێنانی یەکجاریی خۆی لە یارییکردن یەکلاکردووەتەوە.

حوزەیری 10, 2025 - 10:33
وادەی وازهێنانی رۆناڵدۆ لە یارییکردن ئاشکرا بووە

هێرشبەرەکەی پۆرتوگال و نەسڕی سعودی، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا بۆ دووەمجار لە کاروانی خۆی و مێژووی هەڵبژاردەی پۆرتوگالدا، نازناوی نەیشنسلیگی بەدەستهێنا، پاشئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەلێدانی یەکلاکەرەوە، لە ئیسپانیایان بردەوە.

کریستیانۆ، لە یارییەکەدا کە بە 2 - 2 گۆڵ کۆتایی هات، گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ پۆرتوگال تۆمارکرد، بەرلەوەی لە دوایین خولەکەکاندا بەهۆی پێکانەوە یاریگە بەجێبهێڵێت.

 میدیای ئیسپانیا دەڵێن، رۆناڵدۆ بڕیاریداوە دوای کۆتایی هاتنی مۆندیالی 2026 بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت. ئەو هێرشبەرە 40 ساڵییە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یارییەکەی ئیسپانیا، رەتیکردەوە وادەیەک بۆ وازهێنانی دەستنیشان بکات و گوتی هێشتا بەویستی بردنەوەوە یارییدەکەم.

سەرچاوەکان دەڵێن، کریستیانۆ بۆچوونی لەدوای دووەم نازناوی نەیشنسلیگەوە گۆڕاوە و پێیوایە مۆندیالی داهاتوو، دوایین وادەی سەمای ئەو دەبێت لە یاریگەکاندا. لەماوەی رابردوودا مشتومڕی زۆر لەبارەی چارەنووسی رۆناڵدۆ و ئەگەری چوونی بۆ یانەیەک کە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات، وروژێنرا، بەڵام ئەو یاریزانە لە دوایین کۆمێنتیدا لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە دووپاتیکردەوە، "هیچ شتێک نەگۆڕاوە و لەگەڵ نەسڕ بەردەوامم".

 کریستیانۆ تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ نوێ نەکردووەتەوە، لە کاتێکدا لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.

 پێشتر جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی وایداناوە کە دەکرێ رۆناڵدۆ بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات. ئینفانتینۆ گوتبووی، "دەکرێ رۆناڵدۆ لەگەڵ یەکێک لە یانە بەشدارەکانی مۆندیالی داهاتوو، بەشداری بکات، گفتوگۆ لەوبارەیەوە لەئارادان".

 بەپێی سەرچاوەکان، یانەی نەسڕ دەیەوێت گرێبەستی رۆناڵدۆ بۆ دوو وەرزی دیکە نوێبکاتەوە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە هێشتا هەنگاوی کردەنی بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ یانەکەی نەناوە.

سەرچاوە: ڕووداو