'زیاتر لە 250 دۆنم زەویی قەرەداخ سووتا'؛ گومان دەکرێت گەشتیار هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بووبێت
بڵێسەی ئاگرێکی بێئامان شاخی دەلوچەی شارۆچکەی قەرەداخی گرتەوە، دووکەڵیش ئاسمانی ناوچەکەی تەنی. لە کاژێر 01:00ی نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 10ی حوزەیرانەوە هاونیشتمانییان و تیمە حکومییەکان لە هەوڵی کوژانەوەیدا بوون و کەمێک پێش ئێستا تواندراوە کۆنترۆڵ بکرێت.

بەختیار شێخ محەممەد، دانیشتووی گوندی دەلوچە گوتی، "ساڵی 2019 بوو ئاگرێکی دیکەش کەوتەوە بەم جۆرەی ئێستا. بەهۆی گەشتیارەوە ئاگر لەم شاخە کەوتەوە. 5 بۆ 6 رۆژی پێچوو تاوەکو کوژێندرایەوە، ئەمجارەش هەر بەو جۆرەیە؛ تاوەکو پووش و دار بمێنێت ناکوژێتەوە، چونکە شوێنەکە سەختە و کۆنتڕۆڵیش بکرێت، بەهۆی رەشەباوە دووبارە سەرهەڵدەداتەوە."
محەممەد شێخ رەئوف، دانیشتووی گوندی دەلوچە دەڵێت، "بوونی شوێنی گەشتیاری خێر و ئاوەدانییە، بەڵام بۆ ئێمە زۆر خراپە، چونکە ساڵی 2019ش هەر بەهۆی گەشتیارەوە ئاگر کەوتەوە."
دەیان دۆنم زەوی لە پووش و پاوان و داری سرووشتی سووتان، کە شوێنی ژیانی دەیان باڵندە و ئاژەڵی کێوی بوون، هاوکات ئاژەڵدارانی نزیکەی 10 گوند ئاژەڵەکانیان لەوێ دەلەوەڕاند. دەروێش عیسا دەرزییان، دانیشتووی گوندی دەلوچە باسی لەوە کرد، "کەروێشکم بینی گوێیەکانی سووتابوون، داری بەتەمەنم بینی کە بە تەواوی سووتا."
نەوشیروان ساڵح، خەڵکی گوندی دەلوچە ئاماژەی بەوە کرد، "کاتێک سووتانی داری سماق (ترش) و داری بەتەمەنم دەبینی، قرچە لە جگەرمەوە دەهات، بەڵام دەسەڵات نەبوو. شێرە کوللەیەکم بینی دەسووتا، خەریکبوو گیانم لەگەڵیدا دەربچێت، بەڵام هیچم پێنەدەکرا."
شیرین مەحموود، قایمقامی شارۆچکەکە بە رووداوی گوت، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە و تیمە جیاوازەکان توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکات زیاتر لە 250 دۆنم زەوی سووتابێت.
قایمقامی شارۆچکەی قەرەداخ گوتیشی، چەند کەسێک لەوانەی بەشداربوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا، هەناسەیان تەنگ بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون؛ لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستیپێکردووە و لەگەڵ دۆزینەوەی تۆمەتبار، دەدرێتە دادگە.
کەمیی ئامێری پێشکەوتوو وایکرد بە چڵەدار هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بدرێت، ئەمە و سەختی ناوچەکە و بای بەهێز وایکردووە کوژاندنەوەی ئاسان نەبێت.
سەرچاوە: ڕووداو