فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت ئامادەن هێز دژی ئێران بەکاربهێنن
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، چەند بژاردەیەکیان لەبەردەستە بۆ راگرتنی ئێران لەوەی ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. دەشڵێت، ئامادەن بۆ ئەو مەبەستە هێز بەکاربهێنن.

رۆژی سێشەممە، 10ی حوزەیرانی 2025، مایکڵ ئیرک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادە بوو و وەڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی دایەوە. لەبارەی رێگریکردن لەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، کوریلا رایگەیاند، "ژمارەیەک بژاردەی جیاوازم بە هەریەک لە وەزیری بەرگری (پێت هێگسەس) و سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ) داون" بۆ ئەو مەبەستە.
مایک رۆجەرس، نوێنەری ویلایەتی ئەلەباما و سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە کورێلای پرسی، ئەگەر ئێران دەستبەرداری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئامادەن بە هێز وەڵام بدەنەوە؟ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکاش گوتی، "بەڵێ."
ئەو گوتانەی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا دوای ئەوە هات، کە پێرێ، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ چۆنێتی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەدەنە بەرپرسانی واشنتن. ئەمەش لە وەڵامی پڕۆژەیەکی پێشتری سەرۆکی ئەمریکایە، کە تاران پێی رازی نییە.
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، ئیدارەی ترەمپ هەوڵ بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران دەدات.
لە مانگی نیسانەوە هەردوولا پێنج جار لە مەسقەت و رۆما بۆ ئەو مەبەستە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان کردووە، بڕیاریشە شەشەم دانوستاندن رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بکرێت.
مەرجی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، نەبوونی چەکی ئەتۆمی و توانای پیتاندنی یۆرانیۆمە. بەرپرسانی تارانیش رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببن.
رۆژی 31ی ئایاری 2025 راپۆرتێکی نهێنیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکرایەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مایەی "نیگەرانیی جیدییە" کە ئێران نزیکەی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60% هەیە، کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بەرهەمهێندراوە.
لەڕووی زانستییەوە، لە ئەگەری بوونی کەرەستە و ئامێری پێویست یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60%، پێویستی بە نزیکەی یەک مانگە بۆئەوەی بگەیێندرێتە 90%؛ ئەمەش رێژەی پێویستە، کە دەتواندرێت چەکی ئەتۆمی لێ دروستبکرێت.
سەرچاوە: ڕووداو