بەرپرسانی ئیی پارتی لە مێردین وازیان لە حیزبەکەیان هێنا و پشتگیرییان بۆ پرۆسەی چارەسەری راگەیاند

سەرۆکی رێکخستنەکان و 7 لقی ئیی پارتی لە مێردینی باکووری کوردستان دەستیان لە پارتەکە کێشایەوە و پشتگیریی خۆیانیان بۆ پرۆسەی چارەسەری راگەیاند.

ئاب 20, 2025 - 11:43
بەرپرسانی ئیی پارتی لە مێردین وازیان لە حیزبەکەیان هێنا و پشتگیرییان بۆ پرۆسەی چارەسەری راگەیاند
ئیی پارتی تاکە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە کە بەشداری لە لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان نەکردووە، بەو هۆیەوە دەنگی ناڕەزایی لەنێو ئەو پارتەدا دروستبووە.
 
شەوی رابردوو سولەیمان ئاکار، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئیی پارتی لە مێردینی باکووری کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی و سەرۆکی لقەکانی کەربۆران، ئارتوقلی، میدیات، ساور، شەمرەخ، نسێبین و رەشمیلی راگەیاند.
 
سولەیمان ئاکار رایگەیاند کە ئەوەی رایانگەیاندووە تەنیا دەستلەکارکێشانەوەیەک نییە، بەڵکو بانگهێشتکردنە بۆ ئاشتی و برایەتی؛ هەروەها گوتی:"هەڵوێست و هەنگاوی ئیی پارتی لە بابەتی پرۆسەکە و بەشدارینەکردنی لە لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە پرۆسەیەکی وەها گرنگ بەڕێوەدەبات، وایکرد بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە بدەین، چونکە ئەوە نیشانەی بەجێنەهێنانی ئەرکی سەرشانمانە بەرامبەر خەڵکەکەمان".
 
رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2017 دامەزرانی ئیی پارتی لەلایەن مەرال ئاکشەنەر راگەیێندرا و هەر خۆشی بووە سەرۆکی پارتەکە. 
 
ئیی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2018دا 9.69%ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسی بەدەستهێنا؛ هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 14-5-2023دا 9.6%ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسی بەدەستهێنا. 
 
کێشەی نێوخۆیی و ناکۆکی لە نێو ئیی پارتی دروستبوو و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە 31ی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە تەنیا 3.7%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە کۆی 81 شارەوانیی پارێزگاکان تەنیا یەک شارەوانی بردەوە. 
 
ئەگەرچی رۆژی 27-4-2024 لە پێنجەمین کۆنگرەی نائاساییدا دەرڤیشئۆغڵو چووە شوێنی مەرال ئاکشەنەر و بووە سەرۆکی پارتەکە، بەڵام کێشەکان بەردەوامن و پەرلەمانتارانی ئیی پارتی بەردەوامن لە دەستلەکارکێشانەوە.
سەرچاوە: ڕووداو