ئەو منداڵانەی تۆمارکراون خوار تەمەن 14 ساڵن. حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامارەکە ورد و یەکلاییکەرەوە نییە، چونکە ژمارەی ئەو پشکنەرانەمان کە پڕۆژە و شوێنەکانی کار دەگەڕێن کەمن، هێشتا نەیانتوانیوە ژمارەیەکی وردمان بخەنە بەردەست."
گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق دەڵێت، "کارمان کردووە بۆ دانانی سنوورێک بۆ کارکردنی منداڵان. زۆربەی ئەو منداڵانەی خەریکی کارکردنن، خێزانەکانیان لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن. ئێستاش سێ ملیۆن و 760 هەزار منداڵ لە دوو ملیۆن و 100 هەزار خێزان سوودمەندی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتین، ئەمەش هاوکارییەکی باشە بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکە."
حکومەتی عێراق دەرماڵەی قوتابی و خوێندکاران دابەش دەکات کە بەگوێرەی ئاستەکانی خوێندن لە بنەڕەتییەوە تاوەکو زانکۆ دەگۆڕێ و بڕەکەی لە 50 هەزار دینارەوە تاوەکو 150 هەزار دینارە.
بە گوتەی حەسەن خەوام، "لە رێگەی ئەو دەرماڵەیەوە توانراوە 123 هەزار منداڵ بخرێنەوە بەر خوێندن. جگە لەو بڕە خۆراکەی مانگانە خێزانەکان لە وەزارەتی بازرگانی وەری دەگرن، سەبەتەی خۆراکیش بەسەریاندا دابەش دەکەین."
گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق دڵنیاییش دەدات لەوەی، وەزارەتەکەیان کارکردنی منداڵی قەدەخە کردووە و گوتی، "ئەو پشکنەرانەی لە شوێنی کار و پڕۆژەکاندا دەگەڕێن، ئەو منداڵانە دەنێرنە دادگەی کار و دواتر سزای خاوەنکارەکە دەدرێ. ئەگەر لەکاتی کارکردنیشدا مافی منداڵەکە پێشێل کرابێت ئەوا پڕۆژەکە دادەخرێت."
بەگوێرەی وەزارەتی کار، مانگانە نزیکەی 470 ملیار دینار بۆ مووچەی چاودێری و پاراستنی کۆمەڵایەتی خەرج دەکرێت.
لە بودجەی 2024ـی عێراق دا نزیکەی 6 تریلیۆن و 200 هەزار دینار بۆ مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخان کرابوو.