روبیۆ بۆ سوودانی: گرنگە بە بەردەوامی مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ سوودانی کردووە؛ یەکێک لە پرسەکانی نێوانیان خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بووە.

بەپێی راگەیێندراوێکی تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی وزە، بەتایبەتیش ئەوانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، و جەختی لە گرنگیی لێپرسینەوەی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا کردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە گرنگیی پێدانی بەردەوامی مووچەی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە کرد.
پرسێکی دیکە حەشدی شەعبی بووە کە مارکۆ روبیۆ "نیگەرانیی قووڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، و جەختی لەوە کردەوە کە هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی نفوزی ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات".
سەرچاوە: ڕووداو