ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: گەشت بۆ عێراق مەکەن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بە هۆکاری ئەمنی، قەدەخەیە فەرمانبەرانی ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی بەغداوە گەشت بکەن. ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەمریکا رایگەیاند، بەشێک لە کارمەندە ناپێویستەکانی لە باڵیۆزخانەی بەغدا دەکشێنێتەوە.

حوزەیری 12, 2025 - 09:18
ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: گەشت بۆ عێراق مەکەن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرزترین ئاستی هۆشداریی گەشتکردنی بۆ عێراق دەرکرد و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن.

بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی 11ـی حوزەیران، ئاستی هۆشداری بۆ گەشتکردن بۆ عێراق بەرزکراوەتەوە و هۆشداری تووند دراوە لەوەی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە گەشت بۆ عێراق بکەن، ئەمەش بەهۆی "ئاڵۆزییە زیادبووەکانی ناوچەکە"و. لە هۆشدارییەکەدا هاتووە: "بەهۆی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، نائارامیی مەدەنی و توانای سنوورداری حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری بە هاووڵاتییانی، گەشت بۆ عێراق مەکەن."

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هاووڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە، لەوانە تووندوتیژی و رفاندن. هۆشداری دەدات لەوەی "گرووپە تیرۆریستی و یاخیبووەکان" و "میلیشیا دژە ئەمریکییەکان" بەردەوام هێرش دەکەنەسەر هێزە ئەمنییەکان، هاووڵاتییانی مەدەنی، هاووڵاتییانی ئەمریکی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. هێرشەکان بە بەکارهێنانی بۆمبی چێندراو، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە زۆربەی ناوچەکان، بە شارە گەورەکانیشەوە، روودەدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لەو هاووڵاتییانەی دەکات کە لە عێراقن یان بڕیاری گەشتکردن دەدەن، پلانی ئەمنی تایبەت بە خۆیان دابنێن، خۆیان لە پرۆگرامی (STEP) تۆمار بکەن بۆ ئاسانکاریی پەیوەندیکردن لەکاتی فریاکەوتندا.

سەرچاوە: ڕووداو