لە هەرێمی کوردستان پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و دەگاتە 45 پلەی سیلیزی
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە و لە هەولێر و دهۆک دەگاتە 41 پلەی سلیزی و لە گەرمیانیش 45 پلە. کەشناسێک دەڵێت، ئەوەی هەیە یەکەم شەپۆلی گەرمای ئەم ساڵە و هەینی بەرزتر دەبێتەوە.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. ئەگەری نمەبارانێکی کەم لەدوای نیوەڕۆدا لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان هەیە."
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە، کەشناسی رایگەیاندووە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و خێرایی با بۆ زیاتر لە 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا زیاد دەکات. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم شەپۆلە دەبێتە یەکەم بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما لە ئەم ساڵدا، کە رۆژی هەینی بەرزتر دەبێتەوە و لە گەرمیان دەگاتە 47 پلەی سیلیزی، هەولێریش 45 پلە تۆمار دەکات."
ئەو کەشناسە پێشبینیی کرد، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تاوەکو سێشەممە بەردەوام بێت و دواتر کەمێک دابەزێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما "کەمێک" بەرز دەبێتەوە، سبەینێش بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە و بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 41 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 39 پلەی سیلیزی
دهۆک: 41 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 40 پلەی سیلیزی
سۆران: 39 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 45 پلەی سیلیزی
سەرچاوە: ڕووداو