ئیلۆن مەسک پەشیمانی لە بڵاوکراوەکانی دژی ترەمپ دەردەبڕێت؛ 'زیادەڕۆیی تێدابوو'
ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین مرۆڤی سەر زەوی لە پۆستێکدا لە ئێکس، پەشیمانیی خۆی لە هەندێک لەو بڵاوکراوانە دەربڕی کە هەفتەی رابردوو دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردبوونەوە.

ئیلۆن مەسک و دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی و پۆستکردن لە تۆڕی ئێکس کەوتنە شەڕەقسەیەکی ئاشکراوە. ئەم ناکۆکییە دوای ئەوە هات کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس وازی لە پۆستێکی حکومی هێنا و رەخنەی لە پێشنیازەیاسایەکی پارتی کۆمارییەکان گرت.
مەسک لە پۆستەکەیدا لەسەر تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "پەشیمانم لە هەندێک لەو پۆستانەی هەفتەی رابردوو دەربارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کردم. زیادەڕۆییان تێدا کرابوو".
دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند، ئیلۆن مەسک "عەقڵی لەدەستداوە"، بەڵام پێداگریی کرد کە دەیەوێت جیابوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە ملیاردێرە پێشووەکەی بە ئاسانی تێپەڕێنێت. ئەم جیابوونەوە ئاشکرا و تووندەی نێوان دەوڵەمەندترین و بەهێزترین کەسی جیهان، لە هەموو روویەکەوە پڕە لە مەترسیی سیاسی و ئابووری.
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، ترەمپ بیرۆکەی قسەکردنی لەگەڵ مەسک رەتکردووەتەوە، تەنانەت بیری کردووەتەوە کە دەستبەرداری ئەو تێسلا سوورە ببێت کە لە لووتکەی پەیوەندییە گەرموگوڕەکەیاندا کڕیبووی.
ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، دەیەوێت تیشک بخاتە سەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا زەبەلاحە "گەورە و جوانەکەی" – کە رەخنە تووندەکانی مەسک لەسەر هەمان پڕۆژەیاسا بووە هۆی جیابوونەوەکەیان. بەڵام سەرۆکە کۆمارییە تەمەن 78 ساڵەکە نەیتوانی خۆی بگرێت و هێرش نەکاتە سەر مەسکی هاوڕێی، کە لەدایکبووی ئەفریقای باشوورە.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی، "مەبەستت ئەو پیاوەیە کە عەقڵی لەدەستداوە؟"؛ گوتیشی، ئارەزووی قسەکردن لەگەڵ ئەو ملیاردێرەدا ناکات. دواتر ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، "تەنانەت بیر لە ئیلۆن ناکەمەوە... پیاوی داماو کێشەی هەیە."
تەنیا هەفتەیەک لەمەوبەر، ترەمپ بە شێوەیەکی شکۆمەندانە ماڵئاوایی لە مەسک کرد کاتێک دوای چوار مانگ کارکردن، رۆڵەکەی لە بەشی کەمکردنەوەی خەرجییەکان کە بە "بەشی کارایی حکومەت" (DOGE) ناسرابوو، جێهێشت.
دوای ئەوەی مەسک رۆژی سێشەممە، 3-6-2025، پڕۆژەیاسای خەرجییەکانی ترەمپی بە "کارەسات" ناوبرد، ترەمپ رۆژی پێنجشەممە لە گوتەیەکی توونددا لە کۆشکی سپی وەڵامی مەسکی دایەوە و گوتی، "زۆر نائومێد بووە" لەو ملیاردێرە.
پڕۆژەیاسای خەرجییەکانی ترەمپ رووبەڕووی ئاڵنگاریی تووند دەبنەوە لە کۆنگرێس، چونکە کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا زیاد دەکات، لە کاتێکدا رەخنەگران دەڵێن، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ ملیۆنان کەس لە هەژارترین ئەمریکییەکان کەمدەکاتەوە.
دواتر کێشەکەیان گەیشتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، کاتێک مەسک سووکایەتیی بە ترەمپ کرد و بەبێ بەڵگە تۆمەتباری کرد بەوەی ناوی لە فایلەکانی حکومەتدایە سەبارەت بە جێفری ئێپستین، پارەدار و تاوانباری سێکسی.
ترەمپ بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی حکومەتی ئەمریکا وەڵامی دایەوە و گوتی، دەتوانێت گرێبەستە فرە ملیار دۆلارییەکانی مووشەک و مانگە دەستکردەکانی بەڕێوەبەری سپەیس ئێکس هەڵبوەشێنێتەوە.
پشکەکانی تێسلا رۆژی پێنجشەممە لەنێو ئەو شەڕەدا زیاتر لە 14% دابەزین و نزیکەی 100 ملیار دۆلاریان لە بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە لەدەستدا، بەڵام رۆژی هەینی بەشێکیان قەرەبوو کردەوە. سامانەکەی مەسک رێگەی پێدا ببێتە گەورەترین بەخشەر لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی ترەمپ، بە بڕی نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار.
هەر پاڵپشتییەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی 2026 ئێستا گومانی لەسەرە، لە کاتێکدا مەسک دەتوانێت پارەکەی بۆ لاوازکردنی پشتیوانیی ترەمپ لەلایەن بەرەی دیکەوە بەکاربهێنێت.
سەرچاوە: ڕووداو