نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 68 دۆلار بەرزبووەوە
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 24 سەنت بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. رێککەوتنە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی، گوشارەکانی لەسەر ئابووریی جیهانی کەمکردووەتەوە و بە ئەگەری زۆرەوە دەبنە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت.
لەلایەکی دیکەوە، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان دابەزیوە و ئەوەش پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە. هیرۆیکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نیسان سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "رێککەوتنە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خراپترین سیناریۆکان لە بازاڕەکاندا روونەدەن."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "هێشتا بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوت سنوورداربوون لەبەر ناڕوونییەکانی پەیوەست بە رێککەوتنی بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا و هەروەها ئەنجامی گوتوبێژەکانی ئاگربەست لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا."
بەپێی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، هەرچەندە پێشبینی دەکرا قەبارەی کەمبوونەوەی یەدەکی نەوت هەفتەی رابردوو لە ئەمریکا 1.6 ملیۆن بەرمیل بێت، بەڵام رووپێوەکان دەریانخست 3.2 ملیۆن بەرمیل لە نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا کەمبووەتەوە و دابەزیوە بۆ 419 ملیۆن بەرمیل.
سەرچاوە: ڕووداو