نەتەنیاهوو: ناوچەی دابڕێندراو لە چەکدارانی حەماس لە غەززە دروست دەکەین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپاکەیان هەوڵدەدات "ناوچەیەکی دابڕێندراو" لە چەکدارانی حەماس لە باشووری کەرتی غەززە دروست بکات، تاوەکو دانیشتووانی سڤیلی ئەو کەرتە بتوانن لە شەڕ و پێکدادانەکان دووربخرێنەوە و "تەواوی هاوکارییە مرۆییەکان" وەربگرن.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لە وردەکاریی پلانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کرد و رایگەیاند، پلانەکەیان لە سێ قۆناخ پێکدێت و دەبێتە هۆی دابەشکردنی "خۆراکی سەرەکی بەسەر هاووڵاتییانی سڤیل و ناگاتە دەستی چەکدارانی حەماس."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "دوو قۆناخەکەی دیکە بریتی دەبن لە رێگەدان بە چوونی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ نێو غەززە و کردنەوەی ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پارێزگارییان لێ دەکرێت."
نەتەنیاهوو رەخنەی لە وڵاتانی ئەورووپا گرت بەهۆی ئەوەی سزایان بەسەر ئیسرائیلدا سەپاندووە. رۆژی سێشەممە، بەریتانیا گفتوگۆکانی لەگەڵ ئیسرائیل تایبەت بە دروستکردنی بازرگانیی ئازاد هەڵپەسارد؛ ئەمە بەهۆی چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، هاوکات بەریتانیا، کەنەدا و فەرەنسا بەڵێنی هەنگاوی "کردەیی"یان دا بۆ هاندانی ئیسرائیل، تاوەکو بەزووترین کات جەنگەکە رابگرێت.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رایگەیاند یەکێتییەکەش پێداچوونەوە بە پەیماننامەیەکی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ ئیسرائیل دەکاتەوە، کە تایبەتە بە بازرگانییەکانی ئەورووپا لەگەڵ ئیسرائیل.
سەرەڕای گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ ئیسرائیل بەڵێنیداوە لە شەڕ بەردەوام بێت، تاوەکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن و حەماس لەنێودەبرێت، بەڵام نەتەنیاهوو دەشڵێت: "ئەگەر بژارەیەک هەبێت بۆ ئاگربەستێکی کاتی لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکان، ئێمە ئامادە دەبین."
ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا لانیکەم 20 لەو بارمتانەی لەلایەن حەماس و هاوپەیمانەکانییەوە دەستبەسەرن زیندوون. لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە ئامادەیە بارمتەکان ئازاد بکات لە بەرامبەر کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لەکەرتی غەززە و کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام داواکارییەکانی دوورکەوتنەوە لە کەرتی غەززە و چەککردنیش رەتدەکاتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو